بۆیەكردنی قژ گەلێك زیانی لابەلای هەیە كە باوترینیان وشكبوونی قژە. ئەمە گومانی تێدا نییە كە بۆیەكردن دەبێتە هۆی وشكبوونی قژ بەتایبەتی بۆیەی هەمیشەیی Permanent colours كە هەموو قژ دەگرێتەوە، كەچی بۆیەی نیمچە هەمیشەیی زیاتر دەبێتە وشكبوونی كۆتایی تاڵە مووەكان. بەگشتی ئەو جۆرانەی بۆیەی قژ كە ئەمۆنیا Ammonia و پیرۆكساید Peroxide لەخۆناگرن كەمتر دەبنە هۆی وشكبوونی قژ و زیانی لابەلایان كەمە، بەڵام رەنگی قژ پاش ماوەیەكی كەم كاڵ دەبێتەوە. بۆیەی قژ كە لە رەنگی رووەكەوە سەرچاوە دەگرێت وەكو خەنە زوو كاڵ دەبێتەوە، ئەمەش وادەكات كە زوو زوو دووبارەبكرێتەوە، دەرنجام وەكو بۆیەی قژ دەبێتە هۆی وشكبوون و ناسكبوونی قژ. باشترین هەنگاو بۆ پاراستنی قژ لە وشكبوون بریتییە لە بەكارهێنانی بۆیەی نیمچە هەمیشەیی لەگەڵ بەكارهێنانی ئەو جۆرەی شامپۆ كە ئاوێتەی شێداركەرەوە لەخۆدەگرێت راستەوخۆ پاش بۆیەكردن و پێش وشككردنەوەی قژ بە شیسوار. تا ئێستا بەڵگەیەكی زانستی لەبەردەستدانییە كە بۆیەی قژ بووبێتە ئەگەری قژهەڵوەرین، بەڵام هەندێك جار لەوانەیە كە ببێتە هۆی پچڕانی چەند تاڵە مووێك كە زۆر كەس لایان وایە قژیان هەڵدەوەرێت. زیانە لابەلاكانی تری بۆیەكردنی قژ ئەمانەن: ناسكبوونی قژ كە هۆكارە بۆ شكان یان پچڕان یان موخۆركە، هەستەوەری لە پێستی سەر بە شێوەی سووربەنەوە و خورشت.