خۆت لە هەوكردنی میزەڕۆ بپارێزە

خۆت لە هەوكردنی میزەڕۆ بپارێزە
هەوكردنی میزەڕۆ Urinary tract infection نەخۆشییەكی باوە بەتایبەتی لە ئافرەتدا، گرفتی ئەم نەخۆشییە لەوەدایە كە چانسی دووبارەبوونەوەی بەرزە لەو ئافرەتانەی كە جارێك دوچاری دەبن. لەبەر ئەوەی كە هەوكردنی میزەڕۆ ئەگەری گەلێك ئاڵۆزی تەندروستی لێدەكرێت، پێویستە كە هەنگاوەكانی خۆپاراستن بگریتە بەر بۆ بنبڕكردنی یان بەلای كەم رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی، بۆ نموونە: یەكەم، خواردنەوەی بڕێكی زۆری ئاو كە دەبێتە هۆی راماڵینی بەكتریا و رێگرتن لە گەشەی بەكتریا لە هەموو بەشەكانی كۆئەندامی میزەڕۆدا لە گورچیلەوە بگرە تا دەكاتە بۆڕی میز. دووەم، زیادكردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە ڤیتامین C بۆ زیادكردنی ترشێتی كۆئەندامی میزەڕۆ و میز كە بەكتریا توانای گەشەی تێدا نابێت. سێیەم، دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ئاوێتەی بۆنداری پێست وەكو دژەئارەقە یان بۆ لابردنی بۆن لە نزیك ئەندامەكانی زاوزێدا، چونكە دەبنە هۆی داڕوشانی بۆڕی میز و هەوكردن. چوارەم، لەبەركردنی جلی فراوان بە مەبەستی پاراستنی وشكیی ئەندانەكانی زاوزێ بۆ رێگرتن لە گەشەی بەكتریا و گەیشتنی بە بۆڕی میز. پێنجەم، پەیڕەوكردنی پاكوخاوێنی بەتایبەتی لەكاتی بەكارهێنانی تەوالێتدا، لەگەڵ بەكارهێنانی سانتی دروست لەكاتی سووڕی مانگانەدا.
Top