هۆكاری هەستییاربوونی ددان

هۆكاری هەستییاربوونی ددان
هەستییاربوونی ددان لەوانەیە كە دوچاری زیاتر لە یەك ددان بێت، بریتییە لە ئازار و ناڕحەتی لەكاتی خواردن یان خواردنەوەی شیرینی، خۆراك یان شلەمەنی گەرم، خۆراك یان شلەمەنی سارد، خۆراك یان شلەمەنی ترش یان مزر، هەندێك جاریش هەڵمژینی هەوای سارد. ئەم حاڵەتە زیاتر لە تەمەنی 25- 30 سالێدا دەبینرێت، ئازارەكە لە قووڵایی ددان هەستی پێدەكرێت، لەوانەیە تیژ و كتوپڕ بێت. كە پووك هەڵدەكشێت لەبەر هەوكردن یان هۆكاری تر، ئەوا ئەو بەشەی ددان كە كەوتۆتە ژێر پووك دەردەكەوێت كە پێی دەووترێت دێنتین Dentin، ئەم بەشە نەرمە كە بەشێكی رەگی ددانە هەزاران تیوبی ورد لەخۆدەگرێت كە دەگەنە دەمار لە سەنتەری ددان Pulp، بەشێكی زۆر هەستییارە بە بەركەوتن بە گەرمی و ساردی شیرینی و ترشی. هۆكارەكانی تری هەستییاربوونی ددان: بەكارهێنانی فڵچەی رەقی ددان بە توندی، لێكدانی ددان Grinding كە دەبێتە ئەگەری سووانی چینی مینای Enamel ددان، كلۆربوونی ددان لە نزیك هێڵی پووك، هەوكردنی پووك Gingivitis كە دەبێتە هۆی هەڵكشانی پووك، شكانی ددان یان بوونی چاڵی ورد لە ددان كە دەبێتە مۆڵگە بۆ كۆبوونەوەی بەكتریا و هەوكردن، بەكارهێنانی ئاوێتەكانی سپیكردنەوەی ددان، خۆراكی ترش وەكو میوە مزرەكان، تەماتە، ترشیات، چای كە دەبنە هۆی سووانی چینی مینای ددان، پاش چارەسەرییەكانی ددان وەكو شووشتنی ددان، كەناڵی رەگ و چاككردنی ددانەكان كە هەستیاربوون بۆ ماوەی 4- 6 هەفتە بەردەوام دەبێت.
Top