كەڕەتەكانی شووشتنی دەموچاو رۆژانە پەیوەستە بە جۆری پێست، بۆ نموونە دەموچاوی چەور یان پێستی چەور پێویستی بە رۆژانە 3 جار شووتن هەیە بە مەرجێك ماوەی نێوانیان نزیكەی یەكسان بێت. پێستی ئاسایی پێویستی بە رۆژانە 2 جار شووشتن هەیە، جارێكیان لەكاتی بەیانی و جارەكەی تر ئێوارە یان لەكاتی شەودا. گەلێك لە پسپۆرانی پێست شووشتنی دەموچاو رۆژانە یەك جار رێنمایی دەكەن بۆ بەساڵاچووان و بۆ ئەو كەسانەی كە خاوەن پێستێكی ئاسایی و تەندروستن. بەگشتی بۆ ئافرەت بە مەبەستی لابردنی ئاسەوارەكانی ئارایشت شووشتنی دەموچاو پێش كاتی نووستن پێویستە. ئەمەش راستییەكی زانستییە كە زیادشووشتن بۆ هەر جۆرێكی پێست هۆكارە بۆ وشكبوونی پێست، هەروەها شووشتن بە ئاوی زۆر گەرم و بەكارهێنانی لیفكە بۆ شووشتنی دەموچاو بە باش نازانرێت. زۆر كەس بەتایبەتی تووشبووان بە زیپكە و پەڵە یان لەكەی پێست پێیان وایە كە زیاد شووشتن و بەكارهێنانی سابوونی بەهێز سوودی بۆ حاڵەتەكە هەیە، بۆیە زیاتر دوچاری وشكبوونی پێست و گرفتی دیكەی پێست دەبنەوە، بۆ نموونە تێكدانی چینی هەرە سەرەوەی پێست Stratum corneum كە چینی یان هێڵی یەكەمی پاراستنی پێستە لە تیشكی خۆر و بەكتریا و گەرما و ماددە كیمیاییەكان، هەروەها لابردنی تەواوی چەوری سەر پێست كە رێگا لە وشكبوونی پێست دەگرێت.