Frozen shoulder بریتییە لە ئازار و سخبوونی Stiffness شان كە جوولەی شان سنووردار دەكات، ئەم حاڵەتە زیاتر لە تەمەنی 40- 65 ساڵیدا بەدی دەكرێت، هۆكاری راستەقینە نەزانراوە، بەڵام هەندێك هۆكار هاندەرن بۆ حاڵەتەكە وەكو: نەخۆشی شەكرە، پەركەم، زەبری سادە بۆ ناوچەی شان، پاش نەشتەرگەری جومگەی شان، بەساڵاچوون، گرفتەكانی گلاندی دەرەقی، گرفت لە دیسكی بڕبڕەكانی مل. بە بێ چارەسەری گونجاو لە كاتی خۆیدا، بارەكە ئاڵۆز و توندتر دەبێت بە شێوەیەك كە كاریگەری دەكاتە سەر كار و چاڵاكی ژیانی رۆژانە، بۆیە پێویستە كە هەر لەكاتی هەستكردن بە ئازارێكی سادە سەردانی پزیشك بكرێت بەر لەوەی كە حاڵەتەكە خراپتر بێت. تەزینی شان بە تیشكی ئێكس و وێنەگرتنی رەنینی موگناتیسی MRI دەستنیشان دەكرێت. بە چارەسەری دروست، تەزینی شان بە تەواوی چاكدەبێتەوە بە رێگاكانی دەرمان، نەشتەرگەری، چارەسەری سروشتی (فیزیكی) Physiotherapy، هەروەها كەمادە یان كیسی بەفر Ice pack بەتایبەتی بۆ كەمكردنەوەی ئازاری تیژی شان، بەڵام بۆ ئازاری درێژخایەن كەمادەی گەرم كاریگەرترە بۆ كەمكردنەوەی ئازار. ئەم حاڵەتە لە كەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەكرەدا پێویست بە چاودێری و كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن دەكات.