یەكێك لە نیشانە زەقەكانی خەمۆكی بریتییە لە زیادخواردن Binge eating، لە هەندێك حاڵەتیشدا كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن Anorexia. بەڵگەی زانستی بۆ ئەمەش هەیە كە هەندێك جار گرفتەكانی پەیوەست بە ئارەزووی خواردن دەبنە هۆی خەمۆكی، بۆ نموونە كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن كە دەبێتە ئەگەری كەمی كێشی لەش و تێكچوونی تەندروستی، كاردانەوە و گۆڕانی دەروونی لێدەكەوێتەوە كە لەوانەیە بە شێوەی دابەزینی مەزاج یان خەمۆكی رەنگ بداتەوە. زێدەڕۆیی لە خواردن هۆكارە بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی، ئەمەش هۆكارە بۆ خەمۆكی درێژخایەن بەتایبەتی لە ئافرەتدا كە قەڵەوی كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر جوانی لەش، لە تووشبوانیش بە خەمۆكی دەبێتە هۆی سەختتربوونی نیشانەكان. زێدەڕۆیی لە خواردن لەگەڵ بوونی نیشانەكانی تر بە كلیلی دەستنیشانكردنی خەمۆكی دادەنرێن، بۆ نموونە هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی یان بێ وزەیی، دڵتوندی یان بێزاری، كەمبوونی یان نەمانی حەز و ئارەزوو لەو شت و چاڵاكییانەی كە پێشان چێژبەخش بوون، ناڕحەتی و نۆرەی تووڕەبوون، هەستكردن بە بەتاڵی و بێ بەهایی، گرفتەكانی خەو بەتایبەتی خەوزڕان.