بۆچی مەشقی وەرزشی ستیانی تایبەتی دەوێ؟

بۆچی مەشقی وەرزشی  ستیانی تایبەتی دەوێ؟
پێویستە لەسەر هەموو ئافرەتێك لەكاتی ئەنجامدانی مەشقی وەرزشیدا ستیانی تایبەت كە بە ستیانی وەرزشی Sport bra ناسراوە بەكاربێنێت بەبێ گوێدان بە قەبارەی مەمك و جۆر و توندی مەشقی وەرزشی. شانەكانی مەمك ناسكن چونكە ماسوڵكە و بەستەر لەخۆناگرن، بۆیە پێویستییان بە سەپۆرت هەیە لەكاتی جوولە و مەشقی وەرزشیدا، چونكە لەكاتی ئەنجامدانی هەر جۆرێكی مەشقی وەرزشی، مەمكەكان بە 3 ئاراستە جوولە دەكەن، بۆ سەرەوە و خوارەوە، راست و چەپ، هەروەها بە ئاراستەی دیواری سینگ و دەرەوە(پێشەوە)، ئەمەش فشارێكی زۆر دەخاتە سەر مەمكەكان، بۆ نموونە تێكڕای هەڵبەزین و دابەزینی مەمكەكان دەگاتە نزیكەی 21 سانتیمەتر بۆ سەرەوە و خوارەوە، ئەمەش فشار دەخاتە سەر ماسوڵكەكانی دیواری سینگ و هۆكارە بۆ ئازاری مەمك پاش مەشقی وەرزشی، هەر چەند قەبارەی مەمك گەورەتر بێت هێندە ئازارەكە توندتر دەبێت، هەروەها هۆكارە بۆ شۆڕبوونی Sagging هەمیشەیی مەمك ئەگەر ستیانی وەرزشی بەكارنەهێنرێت. ستیانی وەرزشی وا دیزاین كراوە كە جوولەی مەمك لەكاتی مەشقی وەرزشیدا سنووردار دەكات، ئەمەش مەمك و ماسوڵكەكانی ژێرەوەی لە فشار و شۆڕبوون دەپارێزێت. بەگشتی 3 جۆر ستیانی وەزرشی لە بازاڕەكاندا هەیە، بۆ مەشقی توند و مامناوەندی و مەشقی سووك، واباشە كە جۆری ستیانی وەرزشی گونجاو هەڵبژێرێت، نە گورج نە فراوان بێت، ماددەی ستیان جۆرێك بێت كە ئارەقە هەڵمژێت.
Top