ئایا دەزانی كە زیاد نووستن، هەروەها زیاد دانیشتن زیانی تەندروستییان هەیە كە نزیكن لە زیانەكانی جگەرەكێشان و خواردنەوەی ئەلكهول. مرۆڤێكی تەندروست و ئاسایی رۆژانە پێویستی تەنیا بە 7- 8 كاتژمێر نووستن هەیە، لەمە زیاتر لەوانەیە كە زیان بە تەندروستی بگەیەنێت، بۆ نموونە زیاتر لە 11 كاتژمێر پەیوەندی هەیە بە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشییە درێژخایەنەكانی تر بەتایبەتی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، هەروەها نەخۆشی دڵ، نۆرەی دڵ و مردنی كتوپڕ، زیادبوونی كێشی لەش و ئاستی كۆلیستیرۆل لە خوێندا، سەرئێشە، لەگەڵ گۆڕان لە ئارەزووی خواردندا. زیاد نووستن دەبێتە هۆی سستبوونی سووڕی خوێن، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی كە ماسوڵكەكان كەمتر چەوری بسووتێنن، ئەم دوو میكانیزمە بە شێوەیەكی سەرەكی ئەگەری نەخۆشی دڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زیاد دەكەن. ئەمەش روونكراوەتەوە كە ئەگەری تووشبوون بە كام نەخۆشی پێش ئەوی تر لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت، هەروەها بە بوونی چەند فاكتەری تر كە رێگا بۆ ئەم نەخۆشییانە خۆش دەكەن وەكو زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، كەمیی مەشقی وەرزشی، جگەرەكێشان، خواردنەوەی ئەلكهول، جۆری خۆراك، سترێس، بوونی مەیلی خێزانی بۆ نەخۆشی شەكرە یان بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.