كرێمی دژەلۆچبوون بۆ پیاوان

كرێمی دژەلۆچبوون بۆ پیاوان
بە پێی رێنمایی پزیشكانی پسپۆڕی جوانكاری پێست، باشترین كرێم دژی پیربوون Anti-ageing cream یان زوو لۆچبوونی پێستی دەموچاو بۆ پیاو بریتییە لە كرێمی رێتینۆل Retinol واتە ڤیتامین A، هەروەها كرێمی ڤیتامین C. واتە هەر كرێمێك كە رێتینۆل یان ڤیتامین C لەخۆبگرێت گونجاوە، ئەگەرچی لەوانەیە كە ببێتە هۆی كەمێك سووتانەوە و سووربوونەوەی پێست لە هەندێك كەسدا. هەندێك جۆری نوێی كرێم جگە لەم ڤیتامینانە، ماددەی پێپتاید Peptides و فاكتەری گەشە Growth factor لەخۆدەگرن كە یارمەتی نوێبوونەوەی پێست دەدەن. لە كرێمی جۆراوجۆری دژەپیربووندا گەلێك پێكهاتەی تر بەكاردێن وەكو: كۆئەنزیم Q10، پوختەی چای سەوز و رەش، پوختەی دەنكی ترێ، نیاسین ئەماید Niacinamide، ترشەكانی هایدرۆكسی Hydroxy acids، ئەرگیرلین Argireline . میكانیزمی كاركردنی زۆربەی كرێمەكانی دژەپیربوون بریتییە لە پاراستنی رێژەی ئاو لە پێستدا، ئەمەش نەرمی و لاستیكیی پێست دەهێڵێتەوە. وشكبوونی پێست وای لێدەكات تاریكتر بێت لەگەڵ بەرجەستەبوونی هێڵی ورد كە دەبنە بناغە بۆ لۆچبوون، بۆیە بەكارهێنانی كرێمێكی شێداركەرەوەی پێست و دژەهەتاو لە زۆربەی كاتەكان پێویست دەكات. بۆ ئەنجامی باشتر، پێویستە كە كرێمی دژەپیربوون رۆژانە 1- 2 جار بەكاربێت بەلای كەم بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك، هەروەها زیاتر سوودی لێوەردەگیرێت لە حاڵەتەكانی سترێس، بەركەوتنی زۆر بە تیشكی خۆر، جگەرەكێشان.
Top