بە پێی رێنمایی دكتۆرانی پسپۆری چاو، پێویست دەكات كە منداڵیش چاویلكەی هەتاوی Sunglasses لەكاتی پێویست بەكاربێنێت. لە راستیدا بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی لە تەمەنێكی زوودا هەنگاوێكی ئەرێنییە بۆ خۆپاراستن لەو گرفتانەی چاو كە لەگەڵ بەتەمەنداچووندا روودەدەن، تیشكی سەرووی وەنەوشەیی ناو تیشكی خۆر هۆكارە بۆ تێكدانی خانەكانی چاو، بۆیە هەرگیز زوو نییە بۆ بەكارهێنانی چاویلكەی هەتاوی بۆ منداڵەكانت. پێویستە ئەمە لەبیر نەكەین كە زۆرترین ماوەی بەركەوتنی راستەوخۆ بە تیشكی خۆر لە تەمەنی منداڵیدا روودەدات. ئەگەرچی بەڵگەی زانستی لەبەر دەستدا نییە كە چاوی منداڵ لە چاوی پێگەیشتووان ناسكتر بێت بەرانبەر بە كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی، بەڵام چەند چاو بۆ ماوەیەكی درێژتر و بێ چاویلكە بەر تیشكی خۆر بكەوێت هێندە زیاتر دەكەوێتە ژێر كاریگەرییە خراپەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی. تیشكی سەرووی وەنەوشەیی هۆكارە بۆ دابەشبوونی نائاسایی خانەكانی رووی چاو و ناوەوەی چاو كە لەوانەیە ببێتە شێرپەنجە، هەروەها كاریگەری دەكاتە هاوێنەی چاو بە شێوەی ئاوی سپی Cataract، لەگەڵ تێكدانی تۆڕەی چاو. واباشە كە منداڵ چاویلكەی هەتاوی بەكاربێنێت بە درێژایی ئەو ماوەیەی كە دەچێتە دەرەوەی ماڵ بۆ یاری یان هەر مەبەستێكی تر بەتایبەتی كە راستەوخۆ دەكەوێتە بە تیشكی خۆر. مەرج نییە كە هەر چاویلكەیەكی رەنگاوڕەنگ چاو لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی بپارێزێت، بۆیە هەڵبژاردنی دروست ئەو جۆرەیە چاویلكەیە كە 100% چاو لە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی دەپارێزێت، بۆ نموونە چاویلكەی UV 400.