رۆژانە 9 كەوچك شەكر بۆ پیاو، 6 كەوچك بۆ ئافرەت

رۆژانە 9 كەوچك شەكر بۆ پیاو، 6 كەوچك بۆ ئافرەت
شەكر بە ژەهری سپی، بە دوژمنی دڵ ناوزەد دەكرێت، زیاد خواردنی شەكر هۆكارە بۆ زیادبوونی كێشی لەش و تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و دڵ.شەكرە زیادەكان Added sugars خراپیترین پێكهاتەی خۆراكی سەردەمن، چونكە تەنیا كالۆری بەتاڵ (واتە بەبێ هیچ ماددەیەكی خۆراكی گرنگ لە ڤیتامین، كانزا یان دژەئۆكسانەكان)بە لەش دەبەخشن كە بە تێپەڕبوونی كات میتابۆلیزمی لەش تێكدەدەن. ئەوە زۆر گرنگە كە جیاوازی بكەین لە نێوان شەكرە زیادەكان و شەكری سروشتیی ناو سەوزە و میوەكان. سەوزە و میوەكان جگە لە شەكر، ریشاڵ و چەندین ماددەی خۆراكی گرنگ لەخۆدەگرن كە جگە لە سوود هیچ زیانێكی تەندروستییان نییە. شەكرە زیادەكان ئەوانەن كە تەنیا بە مەبەستی شیرینكردنی چێژ دەخرێنە ناو خۆراكی جۆراوجۆرەوە، بۆ نموونە ساردەمەنی و خواردنەوە شیرینكراوەكان، قەنادی و شیرینەمەنی، كێك و بسكویتەكان، میوە و شیرەی میوەی قووتوبەند، میوەی وشككراو.بە پێی رێنمایی كۆمەڵەی ئەمریكی نەخۆشییەكان دڵ، پێویستە كە شەكری رۆژانە بۆ پیاو لە 9 كەوچكی كوپ (37.5 گرام یان 150 كالۆری) زیاتر نەبێت، بۆ ئافرەتیش لە 6 كەوچكی كوپ (25 گرام یان 100 كالۆری) زیاتر نەبێت، جا شەكری سپی (واتە شەكری ئاسایی یان سوكرۆز) یان شەكرە زیادەكانی ناو خۆراك و خواردنەوە شیرینە دەستكردەكان. ئەمە زۆر گرنگە كە دووركەویتەوە لەو خۆراكە دەستكردانەی كە شەكرە زیادەكان لەخۆدەگرن كە هیچ سوودێكیان نییە و زیاد خواردنیان تەنیا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت. پێویستە كەسانی قەڵەو و تووشبووان بە نەخۆشی شەكرە بە پێی توانا دووركەونەوە لە رۆژانە خواردنی شەكر، دەتوانن هەفتانە یان دوو هەفتە جارێك كەمێك شیرینی بخۆن.
Top