پێستی سەر Scalp بەشێكە لە درێژكراوەی پێستی دەموچاو، ئەگەر بە وردی سەرنجی بدەیت، ئەوا زیاتر لە پێستی دەموچاو گرنگی پێدەدەیت. پێستی سەر پێویستی بە چاودێرییەكی تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی تەندروستیی قژ. پێستی سەر وەكو پێستی دەموچاو رووبەڕووی كاریگەرییە دەرەكییەكان دەبێتەوە وەكو ماددە كیمیاییە زیانبەخشەكان، پیسكارەكانی هەوا، كلۆر، تیشكی خۆر، ئەمانە هەموویان بە رێژەی جیاواز كاریگەری نێگەتیڤ دەكەنە سەر تەندروستیی قژ بە شێوەی تەنكبوونی قژ و سووتانەوەی پێستی سەر..تاد. هەندێك جۆری پاككەرەوە و ستایلكردنی قژ و (كۆندیشنەر Conditioners)ماددەی روشێنەر لەخۆدەگرن كە كەم یان زۆر زیان بە قژ و پێستی سەر دەگەیەنن، بۆ نموونە هەندێك جار وەكو قەتماخ یان چینێك لەسەر پێستی سەر دەنیشن و دەبنە هۆی داخستنی كونەكانی پێست و هەوكردن. بە بوونی كڕێژ حاڵەتەكە ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە پێویست بە بەكارهێنانی شامپۆیەكی تایبەتی دژەكڕێژ دەكات كە ماددەی شێداركەرەوە لەخۆبگرێت بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی تفر و رێگرتن لە گیرانی كونەكانی پێستی سەر.