كەسانی پێگەیشتوو كە كێشیان زیادە، یان قەڵەون بەتایبەتی لەتەمەنی 35 ساڵ و بەسەرەوە پێویستە كە بە شێوەیەكی رۆتینی پشكنینی شەكری خوێن ئەنجام بدەن، هەتا ئەگەر هیچ نیشانەیەكی نەخۆشی شەكرەیان نەبێت، چونكە ئەم پشكنینە گرنگی زۆری هەیە بۆ خۆپاراستن و زوو دەستنیشانكردن و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی شەكرە یان حاڵەتی پێش شەكرە Pre diabetes. بە گوێرەی نێوەندەكانی خۆپاراستنی پزیشكی ئەمریكی، سێیەكی پێگەیشتووان لە ئەمریكا خاوەن ئاستێكی نائاسایی شەكری خوێنن. ئەوە روونە كە ئاستی نائاسایی شەكری خوێن ریسكە بۆ توووشبوون بە نەخۆشی شەكرە، هەروەها لە تەمەنی ناوەڕاستدا كەسانی كێش زیاد و قەڵەو ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەكرە و دڵ لێدەكرێت. هەتا ئەگەر یەكەم پشكنینی شەكری خوێن ئاسایی بێت، پێویست بە ساڵانە دووبارەكردنەوەی دەكات. هەندێك جار پشكنینەكە لە تەمەنی زووتر ئەنجام دەدرێت بۆ ئەو كەسانەی كە مێژووی خێزانیان بۆ نەخۆشی شەكرە هەیە یان ئەو ئافرەتانەی كە لەكاتی دووگیانیدا دوچاری شەكرە هاتوون. لەجیاتی پشكنینی خورینی خوێن بۆ ئاستی شەكر، دەتوانرێ پشكنینی HBA1C ئەنجام بدرێت كە پێویست بە 12 كاتژمێر خورینی ناكات. زوو دەستنیشانكردنی پێوانەی نائاسایی شەكری خوێن زۆر گرنگە بۆ هەرچی زووتر گۆڕینی ستایلی ژیان و خۆپاراستن لە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشی كۆئەندامی دڵ و سووڕان.