پێست Skin زیاتر لە ئەندامەكانی تری لەش رووبەڕووی برین و قڵیشان دەبێتەوە، ئەمەش ئەگەری هەوكردن زیاد دەكات چونكە ژمارەیەكی زۆر بەكتریا بە شێوەیەكی ئاسایی لەسەر پێستدان. پاكوخاوێنی تاكەكەسی و مامەڵەی دروست لەگەڵ برینەكانی پێست رێگای كاریگەرن بۆ كەمكردنەوەی ئەگەری روودانی هەوكردنی بەكتریایی پێست، بۆ نموونە شووشتنی هەر داڕووشان و برینێكی پێست بە ئاو و سابوون گرنگی هەیە. رێگاكانی تری خۆپاراستن لە هەوكردنی پێست بریتین لە بەكارهێنانی كرێمی دژەبەكتریا بەر لە داپۆشین یان بەستنی برین. لەكاتی بوونی برینی فراوانتری پێست، ئەوا پێویست بە بەكارهێنانی دەرمانی دژەژی (دژەبەكتریا Antibiotic) دەكات بە رێگای دەم، یان دەرزی، كەسانی وەرزشوان پێویستە كە هەنگاوەكانی پاراستنی پێست لە داڕووشان و برینداربوون بگرنە بەر، بەردەوام دڵنیا بە لە پاكوخاوێنی دەستەكان پێش دەستكاریكردنی هەر برینێكی پێست هەتا ئەگەر سادەش بێت بەتایبەتی نێوان پەنجەكان و نینۆكەكان.