ئەمە زانراوە كە خشتەكانی درێژیی باڵا و كێشی لەش بەكاردێن بۆ زانینی كێشی ئاسایی و دەستنیشانكردنی كەمیی یان زیادی كێش، بەڵام بە تەنیا ئەوانە بەس نین بۆ خەمڵاندنی باشی، یان خراپیی تەندروستی، بەتایبەتی ریسكی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ، جەڵتەی مێشك، نەخۆشی شەكرە لەگەڵ هەندێك جۆری شێرپەنجە. بۆیە پێوانەی تری وەكو چێوەی كەمەر، تێكڕای بارستایی لەش، رێژەی چێوەی كەمەر لەسەر چێوەی نێك، رێژەی چێوەی كەمەر لەسەر درێژی باڵا گرنگترن. تێكڕای بارستایی لەش BMI كە بریتییە لە كێش(بە كیلۆگرام) لەسەر دووجای درێژی باڵا(بە مەتر) تەنیا زیادیی و كەمیی كێش پیشان دەدات. چێوەی كەمەر زیاتر لە تێكڕای بارستایی لەش پشتی پێدەبەسترێت، پێوانەی كەمەر بۆ پیاو ئەگەر زیاتر بێت لە 40 گرێ(101.6سانتیمەتر) و بۆ ئافرەتیش زیاتر لە 35 گرێ( 88.9 سانتیمەتر)، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشی دڵ زیاد دەكات. رێژەی چێوەی كەمەر بۆ چێوەی نێك Waist to Hip Ratio یان كەمەر لەسەر نێك، پێوانەیەكی گرنگە، واباشە لە 0.97 كەمتر بێت بۆ پیاو و لە 0.84 كەمتر بێت بۆ ئافرەت، هەر چەند ئەم ژمارەیە بەرزتر بێت هێندە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و جەلتە زیاتر دەبێت. رێژەی چێوەی كەمەر بۆ درێژی باڵا waist-to-height ratio یان كەمەر لەسەر باڵا، پێوانەیەكی دیكەی سادە و گرنگە بۆ خەمڵاندنی ریسكی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان، واباشە كە ئەم رێژەیە هەرگیز لە 0.5 تێپەڕنەكات بۆ پیاو و ئافرەت، واتە پێوانەی چێوەی كەمەر لە نیوەی درێژی باڵا زیاتر نەبێت.