لەبارچوون Miscarriage واتە كۆتایی هاتنی دووگیانی، یان لەدەستدانی كۆرپە بەر لە 20 هەفتەی دووگیانی. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە نزیكەی 50%ی دووگیانییەكان دوچاری لەبارچوون دەبن، هەروەها زیاتر لە 80%ی حاڵەتەكانی لەبارچوون لە ماوەی 3 مانگی سەرەتای دووگیانیدا روودەدەن. زۆربەی حاڵەتەكانی دووگیانبوون لە تەمەنی گەورەتر لە 45 ساڵی بە لەبارچوون كۆتایی دێن، هەروەها لە تەمەنی نێوان 35- 39 ساڵیدا لە هەر 10 حاڵەتی دووگیانیدا زیاتر لە 2 حاڵەت دوچاری لەبارچوون دەبن. گرفتی كرۆمۆسۆمی یان گرفت لە پەرەسەندن یان گەشەكردنی كۆرپە گەلێك جار هۆكارە بۆ لەبارچوون، ئەمەش نزیكەی60%ی حاڵەتەكان پێكدەهێنێت. هۆكارەكانی تری لەبارچوون: گرفت لە پەرەسەندنی ویڵاش (هاوار Placenta)، ناڕێكیی زگماكی منداڵدان، گرێی ریشاڵی Fibroid لە منداڵداندا، لاوازبوونی ملی منداڵدان Cervical incompetence كە توانای راگرتنی كۆرپەی نامێنێت، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان كە لەكاتی دووگیانیدا بەكاربهێنرێن، سترێسی توند، فرەكیسی لە هێلكەداندا PCOS كە دەبێتە هۆی تێكچوونی هاوسەنگی هۆرمۆنەكان، نەخۆشی درێژحایەن لە دایكدا وەكو نەخۆشی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشییەكانی گلاندی دەرەقی، هەوكردنەكان بەتایبەتی سورێژەی ئەلمانی(رۆبیللا Rubella)، هەروەها جگەرەكێشان و ئەلكهول هۆكاری ترن.