كیسی هێلكەدان هۆكارە بۆ تەنكبوونی قژ

كیسی هێلكەدان هۆكارە بۆ تەنكبوونی قژ
فرەكیسی هێلكەدان PCOS باوترین گرفتی پەیوەست بە زاوزێیە لە ئافرەتدا. كیسی هێلكەدان لە ئەنجامی تێكچوونی هاوسەنگی هۆرمۆنەكان روودەدات، ئاستی بەرزی هۆرمۆنە ئەندرۆجینەكان Androgens كە هۆرمۆنی نێرینەن هانی دروستبوونی كیسی هێلكەدان دەدەن، هەروەها كیسەكان رێگا لە دەرپەڕینی هێلكۆكە لە هێلكەدانەوە دەگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی نەزۆكی. نیشانەكان جۆراوجۆرن، بەڵام باوترینیان بریتییە لە قژهەڵوەرین هاوكات لەگەڵ بەرجەستەبوونی موو لە دەموچاو و سینگ و باسكەكاندا، هەروەها پەیدابوونی زیپكە، زیادبوونی كۆبوونەوەی چەوری لە دەوری كەمەردا، دەركەوتنی پەڵەی تاریك لەسەر پێسدا. فرەكیسی هێلكەدان هانی قژهەڵوەرینی ئەندرۆجینی Androgenic alopecia دەدات كە هاوشێوەی قژهەڵوەرینی نێرینەییە كە لە پیاودا روودەدات، واتە بە شێوەی تەنكبوونێكی سێگۆشەیی قژ كە لە ناوەڕاستی بەشی سەرەوەی پێستی سەر دەستپێدەكات و بۆ تەنیشتەكان و پشتەوەی سەر دەكشێت. بەگشتی فرەكیسی هێلكەدان مەترسی زۆری بۆ تەندروستی ئافرەت نییە، تەنكبوونی قژ بە دەرمانی دژەئەندرۆجین و گیراوەی مینۆكسیدیل Minoxidil چارەسەردەكرێت.
Top