كاتێك لە نووستنێكی قووڵدایت و لەش لە حەسانەوەیە، بەڵام پێستت هێشتا لە كارێكی قورسدایە. شەو كاتێكی گونجاوە بۆ نوێبوونەوەی پێست، بۆیە بەكارهێنانی كرێمێكی شێدارەكەرەوە Moisturizer بۆ پێستی دەموچاو لەكاتی شەودا، یان راستەوخۆ پێش نووستن یەكێكە لە رێگا ئاسان و كاریگەرەكان بۆ پاراستنی رێژەی تەڕێتی پێست. گرنگی ئاوێتەی شێداركەرەوە بریتییە لە رێگرتن لە ونبوونی ئاو لە چینی سەرەوەی پێستدا. جگە لە رێگرتن لە وشكبوونی زیاتری پێست، پێكهاتەكانی شێداركەرەوە رێگرن لەبەردەم گەیشتنی پیسكارەكانی هەوا و ماددەی زیانبەخشی تر بە پێست، هەروەها تێكسچەری Texture پێست باشتر و نەرمتر دەكەن و رەونەق بە پێست دەبەخشن. ئێستا زۆربەی ئاوێتە شێداركەرەوەكان ماددەی گرنگ لەخۆدەگرن وەكو ئەلۆ ڤێرا Aloe vera، پوختەی چای سەوز، ڤیتامینەكانی B3، A، E، C كە زۆربەیان سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە و رۆڵی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی تەندروستیی پێستدا، بۆیە بەكارهێنانی كرێمی شێداركەرەوە لەكاتی شەودا سوودی تەواوی هەیە بەتایبەتی كە پێست بواری هەیە بۆ هەڵمژینی ئەم ماددانە.