لەكاتی پژمیندا Sneezing، دڵۆپە وردەكانی دەردراوی كۆئەندامی هەناسە Droplets لەگەڵ پژمیندا بە خێراییەكی زۆر دەردەپەڕن كە لە ماوەی چەند خولەكێكدا بە تەواوی رووبەری ژوورێكدا پەرش و بڵاودەبنەوە. ئەمە روونە كە پژمین رێگایەكە بۆ گواستنەوەی چەندین نەخۆشیی میكرۆبی بەتایبەتی هەڵامەت و ئەنفلوەنزا و سوورێژە. خێرایی و قەبارەی بڵاوبوونەوە پڕوشكەكانی پژمین لە كەسێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگۆڕێت، هەروەها بە گوێرەی جۆر و توندی ئەو حاڵەت و نەخۆشییانەی كە دەبنە ئەگەری پژمین. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە لە ماوەی چەند خولەكێكدا پڕوشكەكانی پژمین دەگەنە هەموو بەشەكانی ژوور بە بەرزایی سەقف و رێڕەوەكانی هەواگۆڕی ژوور. بەپێی رێسای داینامیكیی شلەكان، راستەوخۆ پاش پژمین، كە دڵۆپە وردەكان یان پڕوشكەكان كە لە كۆئەندامی هەناسەوە سەرچاوە دەگرن بە قەبارەی جیاوازەوە لە دەم و لووت دەردەپەڕن، ئەوا پڕوشكە گەورەكان بە شێوەیەكی ئاڵۆز و زۆر بە خێرایی بۆ پڕوشكی وردتر دابەش دەبن و بە هەوای دەوروبەردا بڵاودەبنەوە. لێكۆڵینەوە و زانیاری زیاتر سەبارەت بە داینامیكیی پژمین گرنگی هەیە بۆ دۆزینەوەی رێگای نوێی خۆپاراستن لە نەخۆشییە گوازراوەكان بەتایبەتی لەكاتی سەرهەڵدانی پەتاكاندا.