ئەو ڤیتامینانەی پێست لە لۆچبوون دەپارێزن

ئەو ڤیتامینانەی پێست لە لۆچبوون دەپارێزن
بەگشتی ماددە دژەئۆكسانەكان Antioxidants رۆڵی بەرچاویان هەیە بۆ رێگرتن، یان دواخستنی لۆچبوونی پێست. ئەو ڤیتامینانەی كە سیفەتی دژەئۆكسانیان هەیە، سەرەڕای سوودی زۆریان بۆ لەش، ئەم ئامانجەش دەپێكن، بۆ نموونە ڤیتامین E، ڤیتامین C، بیتا كارۆتین Beta carotene كە لە لەشدا دەگۆڕێ بۆ ڤیتامین A، هەموویان سیفەتی دژەئۆكسانی بەرهێزیان هەیە بەوەی كە رێگا لە كاریگەرییە خراپەكانی ماددە یان كۆلكە سەربەستەكانFree radicals لەسەر هەموو بەشەكانی لەشدا دەگرن یان كاریگەرییەكان هاوسەنگ دەكەنەوە. كرداری ئۆكسان Oxidation كە بە شێوەیەكی سروشتی لە لەشدا روودەدات بۆ نموونە لەكاتی هەڵمژینی گازی ئۆكسجین و كرداری میتابۆلیزمدا، دەبێتە هۆی پەیدابوونی كۆلكە سەربەستەكان كە بریتین لە گەردیلەی ناتەواو یان ناجێگیری ئۆكسجین، ئەم ماددانە كرداری پیربوونی پێست و لۆچبوون تاودەدەن. ئەم ڤیتامینانە ئەو هەوكردنەلە پێستدا كەم دەكەنەوە كە بە هۆی كرداری ئۆكسان روودەدات، بەمەشەوە رێگا دەگرن لە ئەگەری كەمبوونەوەی پرۆتینی كۆلاجین لە پێستدا كە زۆر گرنگە بۆ پاراستنی توانای لاستیكیی پێست و پاراستنی لە لۆچبوون، هەروەها كاریگەرییەكانی تیشكی سەرووی وەنەوەشەیی لەسەر خانەكانی پێستدا كەم دەكەنەوە.
Top