ئۆتیزم Autism واتە تێكچوونی گەشە و پەرەسەندن لە رەفتار و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا. ئۆتیزم لەوانەیە كە سووك یان سەخت بێت. لەگەڵ ئۆتیزمی سەختدا كەمبوونەوەی تواناكانی پەیوەست بە زیرەكی بە زەقی بەدی دەكرێت. هۆكاری تووشبوون بە ئۆتیزم تا ئێستا بە تەواوی نەزانراوە، كوڕ زیاتر لە كچ دووچاری دەبێت بە رێژەی 1:5، ئۆتیزم لەوانەیە كە هاوكات بێت لەگەڵ دواكەوتنی هزری یان گرفتی تەندروستیی جەستەیی. تووشبووان بە جۆرە سووكەكەی ئۆتیزم زۆر لە كەسانی ئاساییەوە نزیكن، بەڵام تووشبووان بە جۆرە سەختەكەی ئۆتیزم گرفتی گەورەی هزرییان لە زیرەكی و فێربووندا هەیە. بەگشتی گرفت لە مامەڵەی كۆمەڵایەتیدا، گرفت لە پەیوەندیكردندا، لەگەڵ گرفت لە رەفتار و هەڵسوكەوتدا سەرەكیترین نیشانەن. ئۆتیزم لە 2 ساڵی تەمەندا دەستنیشان دەكرێت و بە درێژایی تەمەن بەردەوام دەبێت ئەگەرچی لەوانەیە كە نیشانەكان بەرە بەرە كەمتر یان سووكتر بن. نزیكەی 20-30%ی حاڵەتەكانی ئۆتیزم هاوكاتن لەگەڵ تووشبوون بە پەركەم(فێ Seizures)، كەواتە جگە لە بۆماوە، هۆكاری دەوروبەریش وەكو خۆراك، هەوكردنەكان، ماددە كیمایی و ژەهراویەكان رۆڵیان هەیە لە تووشبوون بە ئۆتیزم. چارەسەری یەكجارەكی بۆ ئۆتیزم نییە، بەڵام بە چارەسەر و مامەڵەی دروست دەتوانرێت كە توانا هزرییەكان باشتر بكرێن لە رێگای بەرنامەی پەروەردە و فێربوونی تایبەت بۆ منداڵ و گەورە تووشبووەكان.