گەلێك كەس لە ئەنجامی هەستیاربوونی پێست Sensitive Skin دووچاری وشكبوونی پێست، زیپكە، سووتان بە تیشكی خۆر، هەروەها خورشت و سووربوونەوە دەبن. لەوانەیە كەگەلێك نیشانەی تر لە پێستی هەستیاردا بەدی بكرێن وەكو: پنتی سووربوونەوە، پەیدابوونی تفر، خاڵی ئاوسانی بچووكی سوور، هەروەها بەرجەستەبوونی هێڵی باریك كە دەبنە بناغە بۆ هێڵی چرچبوونی پێست. هۆكارەكانی پێستی هەستیار لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر جیاوازیان هەیە كە گرنگترینیان ئەمانەن: بۆماوە، هەستەوەری بەرانبەر بە هەندێك جۆری خۆراك، هۆكارە ژینگەییەكان و دەوروبەر، ئاوێتەكانی جوانكاری و ئارایشت، هەندێك جۆری قوماشی جل و بەرگ. چارەسەركردنی پێستی هەستیار بە گوێرەی توندیی حاڵەتەكە جیاوازی هەیە، بۆ نموونە شووشتنی دەموچاو بە سابوونی سووك، بەكارهێنانی ئاوێتەی شێداركەرەوە و كرێمی تایبەت بۆ وشكبوونی پێست و خورشت. گەلێك جار چارەسەر بە تیشكی لێزەر ئەنجام دەدرێت بۆ نەهێشتنی سووربوونەوەی دەموچاو یان لابردنی ئاسەوارەكانی تیشكی خۆر لەسەر پێستدا، هەندێك جاریش رنینی كیمیایی Chemical peel بۆ شاردنەوەی هێڵە وردەكان و لۆچبوونی پێست لە لایەن پزیشك هەڵدەبژێررێت.