لەكە لەكاتی دووگیانیدا Melasma كە بە ڕاو، یان ماسكی دووگیانی ناسراوە لە ئەنجامی ئاستی بەرزی هۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن پەیدا دەبێت، لەكە گەلێك جار لەو ئافرەتانەشدا بەدی دەكرێت كە دەنكی رێگرتن لە دووگیانی(حەبی مەنع) بەكاردێنن. ئەم هۆرمۆنانە هانی خانەكانی رەنگی پێست دەدەن بۆ زیاتر بەرهەمهێنانی بۆیەی پێست(میلانین Melanin)، ئەمەش دەبێتە هۆی پەیدابوونی قان، یان پنتی لەكەی تاریك لە پێستی دەموچاو و دەستەكاندا كە زیاتر بەر تیشكی خۆر دەكەون. سترێس و گرفتەكانی گلاندی دەرەقی هۆكاری ترن بۆ سەرهەڵدانی لەكە یان تاریكتربوونی رەنگی لەكە لەكاتی دووگیانیدا. پەڵەی دووگیانی پاش منداڵبوون لەخۆیەوە نامێنێت ئەگەرچی لەوانەیە كە چەند هەفتەیەك تا چەند مانگێك درێژە بكێشێت، كورتیی و درێژیی ئەم ماوەیە بەندە بە ماوەی گەڕانەوەی یان دابەزینی ئاستی هۆرمۆنەكانی ئیسترۆجین و پرۆجێستیرۆن بۆ ئاستی ئاسایی پێش دووگیانبوون. بەهەرحاڵ، گەلێك چارەسەر لەبەر دەستدان بۆ كاڵكردنەوەی لەكە وەكو چەندان جۆری مەرهەم و گیراوە و كرێمی كاڵكەرەوەی پێست، هەروەها چارەسەر بە تیشكی لێزەر. بەكارهێنانی ئاوێتەكانی كاڵكەرەوەی پێست تەنیا رەنگی لەكە كاڵتر دەكەنەوە واتە چارەسەری یەكجارەكی نین بۆ لەكە، بەڵام تەنیا چارەسەر بە تیشكی لێزەر لەوانەیە كە لەكە بە یەكجاری لابەرێت. بۆ خۆپاراستن لە لەكەی دووگیانی، پێویستە كە ئافرەتی دووگیان بە پێی توانا خۆی لە تیشكی خۆر بپارێزێت لەگەڵ بەكارهێنانی ئاوێتەیەكی دژەهەتاو بە رێنمایی دكتۆر.