سەرئێشە نیشانەیەكی باوە، ژمارەیەكی زۆر هۆكاری سادە و ئاڵۆزی هەیە. كەم خەوتن، خەوزڕان یان خەوتنی ناڕێك بەگشتی هۆكارێكی زەقە بۆ سەرئێشە. وەستانی كاتیی هەناسە لەكاتی نووستندا Sleep apnea كە هاوكات دەبێت لەگەڵ پرخەیەكی توند، هۆكارێكی ترە بۆ سەرئێشە راستەوخۆ پاش لەخەو هەڵسان. لێكدانی ددانەكان لەكاتی نووستندا Teeth grinding دەبێتە هۆی ئازار و ناڕحەتی لە ماسوڵكەكانی شەویلاك و جومگەی نێوان شەویلاك و ئێسكی تەنیشتی سەر TMJ، ئەمەش دەبێتە ئەگەری سەرئێشە لەكاتی بەیانیاندا. هەڵمژینی تۆز و تەنۆلكە وردەكان Dust mites لەكاتی نووستندا كە زیاتر لە چەرچەف و پێخەف و سەرین و دۆشەك سەرچاوە دەگرن، دەبنە ئەگەری سەرئێشە لەكاتی لەخەو هەڵساندا كە زۆر جار هاوكات دەبێت لەگەڵ پژمیندا بەتایبەتی لەو كەسانەی كە دوچاری هەستەوەری لووت یان كۆئەندامی هەناسە بووین. هۆكارەكانی دیكەی سەرئێشەی بەیانیان ئەمانەن: زیاد خواردنەوەی ئەلكهول، گرژبوونی توندی ماسوولكەكانی شان و مل كە لەوانەیە پێوەندی بە سەرینی بەرز و ناڕێك هەبێت.