ئایا شەكر جێگای چەوری گرتۆتەوە كە باس لە خراپییەكانی پەیوەست بە خۆراك دەكرێت؟ پێشان چەوری بە بەشێكی نەگریسی خۆراك هەژمار دەكرا، بەڵام لەم چەند دەیەی دواییدا شەكر خەریكە جێگای چەوری دەگرێتەوە. شەكر پەیوەندی هەیە بە نەخۆشی شەكرە، زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، نەخۆشی دڵ. پاش سەلماندنی ئەوەی كە شەكر پەیوەندی بە زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە دریژخایەنەكان هەیە، ئێستا لێكۆڵەرەكان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە شەكر ژەهرە Toxic بۆ تەندروستی. كە كەسانێك خواردنی شەكر كەم دەكەنەوە، ئەوا تەنیا وزە یان كالۆری كەم ناكەنەوە، بەڵكو سوودی زیاتر لە هەموو رووێكەوە بە تەندروستی دەگەیەنن بەتایبەتی جێگیربوونی ئاستی شەكری خوێن و كەمكردنەوەی یان نەهێشتنی بەرگری بەرانبەر بە هۆرمۆنی ئینسولین لەوكاتەی كە پەیدابوونی بەرگری بەرانبەر بە ئیسنولین زۆر نزیكە لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە. هەروەها كەمكردنەوەی شەكر هەنگاوێكە بۆ كەمبوونەوەی رێژەی چەوری لە جگەر و دابەزاندنی ئاستی چەوری گلیسریدە سیانییەكان و كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لە خوێندا، ئەمەش دڵ لە نەخۆشی دەپارێزێت.