لە دوا لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ئافرەتان پاش بەكارهێنانی دەرزی مەنعی 3 مانگی كە بە دیپۆ پرۆڤێرا Depo-provera ناسراوە لە ماوەی 2 ساڵدا بە رێژی زیاتر لە 5%دوچاری ونبوونی یان كەمبوونەوەی كانزایەكانی ئێسك دەبنەوە بەتایبەتی لە ئێسكی مل و بڕبڕەكاندا. لە نێو بەكارهێنەرانی دەرزی دیپۆ پرۆڤێرادا، ئافرەتە جگەرەكێشەكان، ئەوانەی نەبوونەتە خاوەن منداڵ، هەروەها ئەوانەی كە بڕی تەواویان لە كانزای كالسیۆم لە خۆراك وەرنەگرتووە زیاتر دوچاری گرفتەكە دەبنەوە. بە زیاد بەكارهێنانی ئەم دەرزیە و بە تێپەڕبوونی كات و هاوكات لەگەڵ بوونی هۆكاری تر، ئەگەری پووكانەوە یان تەنكبوونی ئێسك دێتە پێشەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئێسك كە لەوانەیە بە كەوتنێكی سادە یان زەبرێكی سووكیش دووچاری شكان بێت و چاكبوونەوەشی دوابكەوێت. دەرزی دیپۆ پرۆڤێرا زیانی لابەلای دیكەشی هەیە وەكو: گۆڕان لە سووڕی مانگانەدا، زیادبوونی كێشی لەش، سەرئێشەیەكی سووك، هەستكردن بە ناڕەحەتی گەدە و زوو ماندووبوون، پەیدابوونی گرێیەكی رەق لە شوێنی لێدانی دەرزیدا، ئازاری جومگەكان، هەستكردن بە ناڕەحەتی لە مەمكدا، سەرهەڵدانی زیپكە، هەستكردن بە گەرمبوونی دەموچاو Hot flashes. هەندێك جار زیانی لابەلای گەورەتر دەردەكەون، بۆ نموونە بێهێزی گشتی، هێڵنج و رشانەوە، ئاوسانی دەست و پێیەكان، زەردوویی، كۆكە، سینگ ئێشە، بۆیە پێویستە كە بەكارهێنانی دەرزی دیپۆ پرۆڤێرا تەنیا و تەنیا بە بڕیاری دكتۆری پسپۆری ئافرەتان بێت.