لەكاتی لەدایكبووندا، پێستی دەموچاو نەرم و سافە، بەڵام بە تێپەربوونی ساڵەكان لەگەڵ خۆراكی ناڕێك، سترێس، گەرما و هەتاوی هاوین، هەوای ساردی زستان، ئاوێتەكانی جوانكاری، پیسكارەكانی ژینگە، هەموویان دەبنە هۆی زبربوونی پێست ولەدەستدانی سافیی و نەرمییەكەی. بە چەند هەنگاوێكی سادە دەتوانیت تا رادەیەكی باش سافیی و نەرمیی پێست بپارێزیت. پەیڕەوكردنی خۆراكێكی تەندروستییانە زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی پێست كە ماددە خۆراكییە گرنگەكان بە بڕی تەواو لەخۆبگرێت بەتایبەتی سەوزە و میوەكان كە سەرچاوەی سەرەكین بۆ ماددە دژەئۆكسانەكان و كانزاو ڤیتامینەكان. ڤیتامینەكانی A، D، B1، B6، لەگەڵ ڤیتامین C، زۆر پێویستن بۆ پاراستنی نەرمی و لووسیی پێست و پاراستنی لە نەخۆشی و زوو پیربوونی پێست. پێست حەزی لە دەوروبەرێكی تەڕە، بۆیە رۆژانە خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو گرنگی زۆری هەیە بۆ تەندروستی بەگشتی و تەندروستیی پێست بەتایبەتی. مەشقی وەرزشی هانی سووڕی خوێن لە پێست دەدات واتە گەیاندنی بڕێكی زیاتری ماددە خۆراكییە گرنگەگان بە خانەكانی پێست، ئەمەش یارمەتیدرەوە بۆ باشتركردنی توانای لاستیكیی پێست و كەمكردنەوەی لۆچبوونی بە رێگای هاندانی دروستبوونی پرۆتینی كۆلاجین Collagen لە پێستدا. جگەرەكێشان رەنگی پێست بۆ زەرد یان قاوەیی دەگۆڕێت، بۆیە دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان هەنگاوێكی ئاكتیڤە بۆ پاراستنی سافیی و جوانیی پێست. هەنگاوەكانی تری پاراستنی سافیی دەموچاو ئەمانەن: پاراستنی پاكوخاوێنی دەموچاو، لابردنی هەموو ئاسەوارەكانی ئارایشت پێش نووستن، بەكارهێنانی شێداركەرەوە بەتایبەتی پاش گەرماو، پاراستنی پێست لە تیشكی خۆر بە بەكارهێنانی ئاوێتەیەكی دژەهەتاو بە رێنمایی دكتۆر.