بۆچی نابێ جگەرەكێش شروبی كۆكە بەكاربێنێت؟

بۆچی نابێ جگەرەكێش شروبی كۆكە بەكاربێنێت؟
ئەگەرچی دەرمانی كۆكەCough medicine بە شێوەیەكی بڵاو بەكاردێت، بەڵام بۆ هەندێك حاڵەت و نەخۆشی نەك هەر گونجاو نییە بەڵكو خراپە و زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت. جگەرەكێشان هۆكاری سەرەكییە بۆ هەوكردنی بۆڕییەكانی هەناسە كە باوترین نیشانەی بریتییە لە كۆكەی تەڕ، واتە پەیدابوونی دەردراو لەناو بۆڕییەكانی هەناسەدا، لەش لە رێگای كۆكە هەوڵی فڕێدانی ئەم دەردراوە دەدات بۆ ئەوەی رێگا لە هاتوچۆی هەوا نەگیرێت و هەناسەوەرگرتن ئاسایی بێتەوە بۆ دابینكردنی گازی ئۆكسجین. دەرمان یان شروبی كۆكە یان راگرتنی كۆكە دەبێتە هۆی مانەوەی یان كۆبوونەوەی دەردراوەكانی هەوكردن لەناو بۆڕییەكانی هەناسەدا، ئەمەش جگە لەوەی كە هەناسە قورستر دەكات، هەوكردنەكەش ئاڵۆزتر دەكات، بەمەشەوە حاڵەتەكە دەبێتە درێژخایەن. بە پێی رێنماییەكانی ئەكادیمیای ئەمریكیی پزیشكانی خێزان، نابێت شروب یان هیچ دەرمانێكی كۆكە بۆ ئەم حاڵەتانە بەكاربهێنرێت: جگەرەكێشان، هەوكردنی درێژخایەنی بۆڕییەكانی هەناسە، هەوكردنی شانەی سییەكان Pneumonia، رەبو، نەخۆشی گەورەبوونی سیكڵدانۆچكەكانی سییەكان Emphysema.
Top