پیسبوونی هەوای ناوماڵ Indoor air pollution هۆكارە بۆ گرفت لە كۆئەندامی هەناسەدا بەتایبەتی لە تووشبووان بە رەبو و نەخۆشییەكانی هەناسە. سەرچاوە و ماددە پیسكارەكانی هەوای ناوماڵ كە پیسكارە بایۆلۆژی و پیسكارە كیمیاییەكان دەگرێتەوە بریتین لە: دوكەڵی جگەرە، فڕنی و تەباخ، ئاوێتەكانی بكوژی مێروو، بۆیەكردنی نوێی هەر شوێنێكی ناوماڵ، زبڵ و خاشاك، گازەكانی رادۆن Radon و یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن، ماددە كیمیاییە پاككەرەوەكانی ناوماڵ، ئەو ماددانەی كە لە بیناسازیدا بەكارهاتوون وەكو ئەسبێست Asbestos و قوڕقوشم و فۆرمەلدیهاید Formaldehyde. بەگشتی خراپی كوالیتیی هەوای ناوماڵ هۆكارە بۆ هەستكردن بە ناڕەحەتی كە تەنیا بە نەهێشتنی سەرچاوەكانی پیسبوونی هەوای ناوماڵ نامێنێت، بەڵام پاشان لە ئایندەدا گرفتی تەندروستی پەیدا دەكات لە نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەوە بگرە تا دەگاتە شێرپەنجە. نیشانە زووەكانی پیسبوونی هەوای ناوماڵ لەسەر تەندروستیدا بریتین لە: سووتانەوەی چاوەكان، سووتانەوەی قوڕگ و لووت، سەرئێشە، سەرسووڕان، هەستكردن بە هیلاكی كە بۆ ماوەیەكی كورت بەردەوام دەبن. كاریگەرییە درەنگەكان كە لەوانەیە پاش چەند ساڵێك سەرهەڵبدەن بریتین لە: نەخۆشییەكانی هەناسە، نەخۆشی دڵ، شێرپەنجە. بێگومان چڕی ماددە پیسكارەكان و ماوەی بەركەوتن بەم ماددانە لەگەڵ تەمەن و تەندروستیی كەسیی قەبارەی كاریگەرییە زیانبەخشەكان دیاردەكەن.