له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسیی ئیفلیجیی منداڵان هێشتا ماوە
دڵنیابوون لە ئیفلیجبوونی 36 منداڵ لە سوریا و دوو منداڵیش لە عێراق لە مانگی تشرینی یەکەمی 2013، مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ئیفلیجیی منداڵانی زیاتر کرد و لایەنە تەندروستییەکان زیاتر لە 70 هەڵمەتی کوتانیان ئەنجام دا، کە بە گەورەترین هەڵمەت دادەنرێت و تێیدا زیاتر لە200 هەزار دڵۆپی دژە ئیفلیجی درایە زیاتر لە 27 ملیۆن منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵی.
کریس ماهیر، بەڕێوەبەری بەرنامەی بنبڕکردنی ئیفلیجیی منداڵ و بارودۆخە لە ناکاوەکان لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (who) رایگەیاندووە، کە هەڵمەتی کوتانی منداڵان یەکێک بوو لە هەڵمەتە سەرنجڕاکێشەکان و گوتویەتی، ”پیرۆزبایی لە حکوومەت و کۆمپانیا تەندروستییەکان دەکەم، بۆ رۆڵە کاریگەرەکەیان لە رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئیفلیجیی منداڵان“.
کریس ماهیر دەستخۆشیی لە هەماهەنگیی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رێکخراوەکانی تەندروستیی جیهانی و یونیسێفیش کردووە، بۆ کارکردن لە پێناو رێگریکردن لە بڵابوونەوەی ئیفلیجیی منداڵان.
دکتۆر موعەزەم حوسێن، راوێژکاری هەرێمیی بۆ مانەوەی منداڵ رایگەیاندووە، کە لەو ژینگە ئاڵۆزەی رۆژهەـڵاتی نێوەڕاست، تیمەکانی بنبڕکردنی نەخۆشییەکە شەو و رۆژ کاردەکەن، بۆ هۆشیارکردنەوە هاووڵاتییان لە گرنگیی کوتانەکان.
لە کۆتایی مانگی رابردوو، نوێنەری حکوومەتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەستپێشخەریی جیهانیی بنبڕکردنی ئیفلیجیی منداڵان کۆبوونەوە و تاوتوێی دوایین هەوڵەکانی دژی ئیفلیجیی منداڵیان کرد.
پسپۆڕانی تەندروستی، وێڕای باشتربوونی هەوڵەکانی بنبڕکردنی ئەو نەخۆشییە، هۆشدارییشیان دا لەوەی، مەترسییەکان هێشتا ماون و هەوڵەکانیش بۆ گەیشتن بە هەموو منداڵەکان بەردەوامن، بۆ نموونە، تیمەکانی هەڵمەتی کوتان دژی ئیفلیجی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نەیانتوانیوە بگەنە نزیکەی 700 هەزار منداڵ، بەهۆی شەڕ و ئاوارەبوونیان.
