نەشتەرگەری جوانكاریی دەموچاو Facial plastic surgery چەند ساڵێك گەنجت دەكاتەوە، بەڵام هەرگیز مەرج نییە كە جوانتر و سەرنجڕاكێشترت بكات. نەشتەرگەرییەكانی جوانكاریی دەموچاو ئەمانەی خوارەوە دەگرێتەوە: گورجكردن یان بەرزكردنەوەی پێستی دەموچاو Face lift، گورجكردن یان بەرزكردنەوەی پێستی مل Neck lift كە بریتییە لە تەنیا شاردنەوەی شۆڕبوون و لۆچەكانی پێستی مل، بەرزكردنەوەی پێڵووی سەرەوە یان خوارەوە eyelid lift، بەرزكردنەوە یان گورجكردنی برۆیەكان Brow-lift. پێست بە هۆی كاریگەرییە دەرەكییەكان و تەمەن چەند گۆڕانێكی بەسەردا دێت كە كاریگەری نێگەتیڤ دەكەنە سەر جوانیی دەموچاو و بە چەندین مامەڵە و چارەسەری جۆراوجۆرەوە ناتوانرێت كە بە تەواوی بشارێنەوە وەكو: زبربوونی پێست، شەفافبوونی پێست لەبەر تەنكبوونی چینی سەرەوەی پێست و بەرجەستەبوونی موولوولەكانی خوێن، شل و شۆڕبوون و خاوبوونی پێست لەبەر ونبوونی شانەی لاستیكی پێست واتە ئیلاستین و كۆلاجین كە بە هۆی كاریگەری تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لەسەر پێستدا بەرجەستەتر دەبێت، كە پێست لاستیكیەكەی لەدەست دەدات ئەوا هێزی كێشكردنی زەوی دەبێتە هۆی دابەزینی برۆ و پێڵووەكان، پاشان شۆڕبوون لە خوارەوەی روومەتەكان و خوارەوەی شەویلاكی خوارەوە، هەروەها درێژبوونەوەی نەرمەی گوێیەكان. گۆڕانەكانی پێست كە لە ئەنجامی بەركەوتن بە تیشكی خۆردا روودەدەن بە هیچ شێوەیەك بە تەواوی پێچەوانە نابنەوە و تا ئێستا هیچ رێگایەكی پزیشكی لە ئارادا نییە بۆ گەڕاندنەوەی پێست بە تەواوی بۆ دۆخی جارانی.