تەزینی پێیەكان لە كەشی ساردا

تەزینی پێیەكان لە كەشی ساردا
ئایا جارێك لە خەو ئاگات بۆتەوە لەبەر هەستكردن بە تەزین و ساردبوونی پێیەكان؟ چەند پرۆتینێكی تایبەت لە بۆڕییەكانی خوێنی پێستدا رۆڵیان هەیە لە كاردانەوەی لەش بەرانبەر بە ساردی، جا چ لەكاتی كەشی سارد یان لەكاتی بەركەوتنی پێیەكان بە رووێكی رەقی سارددا. كاردانەوەی ئاسایی لەش لەكاتی بەركەوتن بە ساردی بریتییە لە كەمبوونەوەی سووڕی خوێن لە پەلەكاندا بۆ هێشتنەوەی سووڕێكی خوێنی باشتر بۆ ئەندامەكانی ناوەوەی لەش بە مەبەستی پاراستنی گەرمی ئەندامەكان. لە هەندێك كەسدا، ئەم كاردانەوەیە زۆر توند دەبێت یان بە هەڵە روودەدات، بۆ نموونە لە نەخۆشی رێیناود Raynaud>s disease لەش كاردانەوەی توند بەرانبەر بە ساردی و سترێس دەنوێنێ لەگەڵ دەردانی هۆرمۆنی نۆرئەدرینالین Noradrenaline بە شێوەی تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی خوێن لە پەنجەكانی دەست و پێدا كە دەبێتە هۆی تەزین و سپی یان شین یان سوور هەڵگەڕانیان. ئەم حاڵەتە زیاتر لە ئافرەتان لە تەمەنی 15-25 ساڵیدا روودەدات كە لە شوێنی سارد دەژین. گەرم و وشك راگرتنی پێیەكان، دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ئێركۆندیشن پێویستن بۆ خۆپاراستن لە ساردبوونی پێیەكان.
Top