بە گوێرەی شێوە و قەبارەی پێی، بۆ هەر كەسێك جۆرێك پێڵاو گونجاوە كە هەرگیز مەرج نییە لەگەڵ مۆدێلی سەردەمدا بگونجێت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی گرفت. ئەمە تێبینی دەكرێت كە زۆر كەس ئەو جۆرە پێڵاوانە هەڵدەبژێرن كە لەگەڵ شێوە و قەبارەی پێیەكانیاندا ناگونجێت بەتایبەتی ئافرەتان كە پێڵاوی بچووكتر لە قەبارەی پێیان لەبەر دەكەن، بۆیە دووچاری گرفتی زۆر لە پێیەكانیان دەبنەوە. لەبەركردنی پێڵاوی تەنگ Tight shoes بۆ ماوەیەك لەوانەیە ببێتە هۆی ئەم گرفتانە: پەیدابوونی گرێ لەبەر گەورەبوونی ئێسك یان شانەكانی دەوری جومگە لە بنكەی پەنجەی گەوری پێدا Bunion، دروستبوونی بزمار یان كۆرن Corn كە زیاتر لە نێوان پەنجەكاندا لە شوێنی لێكخشانی پەنجەكاندا پەیدا دەبێت، كەوتنە سەر یەكتری پەنجەكان Crossover toe كە دەبێتە هۆی ئازار و ناڕەحەتی، گەشەكردنی نینۆك بۆ ناو شانەكانی پەنجەی گەورە، هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر بەتایبەتی لە نەخۆشانی شەكرەدا كە لەوانەیە كار بگاتە كولبوون و هەوكردنی سەختی شانەكانی پێ، چەكوشە پەنجە Hammer toe واتە پەنجەی گەورەی پێ یان پەنجەی دووەم یان سێیەم شێوەی چەكوش وەردەگرێت لەجیاتی ئەوەی كە فلات بمێنێتەوە.