ئایا جانتاكەت مۆڵگەیە بۆ بەكتریا؟

ئایا جانتاكەت مۆڵگەیە  بۆ بەكتریا؟
زیاتر لە 95%ی جانتای ئافرەتان بەكتریا لەخۆدەگرن بەتایبەتی ئەو جانتایانەی كە لە ماددەی دەستكرد دروستكراون كە لەوانەیە بەكتریا بە شێوەیەك لە شێوەكان بگوازرێنەوە و هەوكردن یان نەخۆشی پەیدا بكات. ئەو جۆرانەی بەكتریا كە لەسەر رووی یان لەناو جانتادا دەستنیشان كراون بریتین لە: مایكرۆكۆكەس Micrococcus، ستافیلۆكۆكەس Staphylococcus، باسیللەس Bacillus كە بە شێوەیەكی ئاسایی لەسەر پێستی زۆربەی خەڵكدا هەن و تەنیا لە هەندێك حاڵەتی تایبەتدا هەوكردن یان نەخۆشی پەیدا دەكەن، بۆ نموونە لەو كەسانەدا كە سستمی بەرگری لەشیان لەبەر هەر هۆكارێك لاواز بووبێت یان پێستیان بریندار بووبێت. بەگشتی جانتای دەستی زۆر بەكەمی دەشۆرێت و لە زۆر شوێن دادەنرێت و بەر رووی جیاواز دەكەوێت، هەروەها زۆربەی ئەو شتومەكانەی دەخرێنە ناو جانتا تا رادەیەكی زۆر ئەگەری ئالوودەبوونیان بە بەكتریا لێدەكرێت، بۆ نموونە پارە، مۆبایل، شانە، ئاوێنە، كلیل..تاد. بەكتریای ستافیلۆكۆكەس زیاتر لە جۆرەكانی تری بەكتریا لەسەر روو و لەناو جانتای ئافرەتاندا بەدی دەكرێت، رێژەی ئالودەبوونی جانتا بە بەكتریای باسیللەس دەگاتە تەنیا 14%. دانانی جانتا لەسەر مێزی چێشتخانە، لەسەر مێزی خواردن، لە نزیك دەستڕەسی منداڵان هۆكارە بۆ زیاتر ئالودەبوونی بە بەكتریا، هەروەها بەركەوتنی بەردەوامی دەست كە بە بەكتریا ئالوودەبووبێت، گەرمیی و شێداریی ناو جانتای دەستی هاندەرن بۆ گەشەی بەكتریای جۆراوجۆر.
Top