ئەگەرچی هەزاران ساڵە سووتاندنی بخوور لە هەندێك كەش و بۆنەی تایبەتدا بەكاردێت، بەڵام ئێستا لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە كە لەوانەیە دووكەڵی بخوور Incense smoke ژاراوی بێت و لەوانەشە لە دووكەڵی جگەرە مەترسیدارتر بێت. بە شیكردنەوەی دووكەڵی بخوور دەركەوتووە كە چەندین ماددەی كیمیایی زیانبەخش لەخۆدەگرێت، دووكەڵی بخوور تەنۆلكەی ورد و ئاوێتەی كیمیایی لەخۆدەگرێت كە لەوانەیە كاریگەری خراپ بكەنە سەر لەش بەتایبەتی كۆئەندامی هەناسە. بخووری جۆراوجۆر دووكەڵی جیاوازیان هەیە كە ئاوێتەی كیمیایی جیاواز لەخۆدەگرن. ئەگەرچی دووكەڵی بخوور وەكو دووكەڵی جگەرە راستەوخۆ هەڵنامژرێتە ناو كۆئەندامی هەناسە، واتە بە بڕێك لە ناو ژوور یان ناو ماڵدا بڵاودەبێتەوە كە بەندە بە جۆر و ژمارەی بخوورەكان، ماوەی سووتاندنیان، قەبارەی ژوور، ئاستی هەواگۆڕی لە شوێنەكەدا. ئەو كەسانەی كە گرفت یان نەخۆشییان لە كۆئەندامی هەناسەدا هەیە بە هەڵمژینی دووكەڵی بخوور دووچاری هەناسەتەنگی و توندبوونی نیشانەكان دەبن، بۆیە پێویستە كە دووركەونەوە لە سووتاندنی بخوور.