كەم نووستن ئەگەری تووشبوون بە هەڵامەت زیاد دەكات

كەم نووستن ئەگەری تووشبوون بە هەڵامەت زیاد دەكات
ئەوە گومانی تێدا نییە كە نووستنی دروست گرنگی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، بە پێی نوێترین لێكۆڵینەوەكان، ماوە و كوالیتی نووستن كاریگەرییان هەیە لە تووشبوون بە هەڵامەت. ئەوانەی كە لە 5 كاتژمێر كەمتر دەخەون ئەوا 4- 5 هێندە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسی هەڵامەت لێدەكرێت بە بەراورد لەگەڵ ئەو كەسانەی كە بۆ ماوەی زیاتر لە 6 كاتژمێر دەخەون، بەڵام كەم نووستن تاكە هۆكار یان هاندەر نییە بۆ تووشبوون بە هەڵامەت. گرفتەكانی تری پەیوەست بە كەم نووستن بریتین لە: بەردەوام هەستكردن بە بێهێزی و هیلاكی جەستەیی، بۆرژان لەكاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا كە لەوانەیە كارەساتی لێبكەوێتەوە، گرفت لەكاتی ئەنجامدانی هەموو چالاكییەكان بەتایبەتی ئەوانەی كە وردبینییان پێویستە، كەمبوونەوەی سەرنج و تەركیز لە ماڵەوە یان لە كار یان قوتابخانەدا كە دەبێتە هۆی كێشە لە كار یان دواكەوتن لە قوتابخانە، كزبوونی كاردانەوەكان بەرانبەر بە بزوێنەرە دەرەكییەكان، لەبیرچوونەوە. كەم خەوتنی درێژخایەن كاریگەری دەكاتە سەر چۆنییەتی مامەڵەكردنی مێشك لەگەڵ ئارەزووی خواردندا لە رێگای دابەزینی ئاستی لێپتین Leptin كە ئارەزووی خواردن دادەمركێنێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی گرێهلین Grehlin كە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئارەزووی خواردن و زیادبوونی كێشی لەش، بۆ نموونە نووستن بۆ ماوەی 5 كاتژمێر ئەگەری زیادبوونی كێش بە رێژەی 50% زیاد دەكات، هەروەها نووستن كەمتر لە 6 كاتژمێر ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش تا 20% زیاد دەكات.
Top