گرنگیدان بە جوانیی نینۆك گەلێك جار باجی تەندروستی دەبێت. پۆلیشی نینۆك Nail polish چەندین ماددەی ژەهراوی لەخۆدەگرێت كە مەترسییان بۆ تەندروستی هەیە، لە نێوان ئەو ماددە كیمیاییانەی كە هۆكارن بۆ تێكدانی هاوسەنگی سستمی هۆرمۆنەكان تا دەگاتە فۆرمەلدیهاید كە ماددەیەكی شێرپەنجەییە. ماددەی تۆلوێن Toluene كە نینۆك بریقەدار و لووس دەكات كاریگەری بەرچاو دەكاتە سەر كۆئەندامی دەماری مەركەزی و كۆئەندامی زاوزێ. فتالێتەكان Phthalates كە كاری جێگیركردنی بۆیەی پۆلیشی نینۆك دەكەن، پەیوەندییان بە گرفت لە توانای دووگیانبوون هەیە. ماددەی فۆرمالدیهاید كە دژەمیكرۆبە لە بۆیەی نینۆكدا بەكاردێت بە مەبەستی زوو وشكبوون و رەقبوونی پۆلیشی نینۆك، مەترسی زۆری بۆ تەندروستی هەیە چونكە ماددەیەكی شێرپەنجەییە. بەركەوتنی درێژخایەن بە ماددە كیمیاییەكانی پۆلیشی نینۆك دەبێتە هۆی پەیدابوونی چەند گرفتێكی تەندروستی وەكو: سووتانەوەی پێست، هەستەوەری، سووتانەوە و سووربوونەوەی چاو، سەرئێشەیەكی درێژخایەن، ناڕەحەتی دەروونی، هێڵنج، گرفت لە هەناسەدا، گرفتەكانی پەیوەست بە كۆئەندامی زاوزێ، لە كۆتاییشدا ئەگەری شێرپەنجە دێتە پێشەوە. جگە لە بەركەوتنی راستەوخۆ بە پێست، كەمیی هەواگۆڕی لە سالۆنەكانی جوانكاریدا هۆكارە بۆ هەڵمژینی بەشێكی ئەم ماددە كیمیاییانە، بۆیە ئەوانەی لەم شوێنانەدا كاردەكەن و سەردانی دەكەن، پێویستە كە هەنگاوەكانی خۆپاراستن بگرنە بەر لە بەكارهێنانی دەستكێش و ماسك و چاودێریكردنی هەواگۆڕی بەردەوام لە شوێنەكەدا.