ڤیتامین B7 كە بە بایۆتین Biotin ناسراوە، رۆڵێكی گەورەی لە میتابۆلیزمی دروستیی لەش و دروستكردنی ئەنزیمە گرنگەكاندا هەیە، هەروەها پێویستە بۆ كرداری دروستكردنی ترشە چەورییەكان و گلوكۆز كە لەش وەكو وزە بەكاریان دێنێت. بایۆتین بە شێوەیەكی باو بەكاردێت بۆ بەهێزكردنی نینۆك و قژ، بۆیە لەم بوارەدا پێی دەووترێت ڤیتامین H. ڤیتامین B7 گرنگی هەیە بۆ هاندانی میتابۆلیزمی كاربۆهیدرات و چەوری و پرۆتین، لەگەڵ گەشەی دروستی كۆرپە، هەروەها بۆ تەندروستیی پێست و نینۆك و قژ، لەگەڵ كۆئەندامی دەمار و كۆئەندامی هەرس. سەرچاوە خۆراكییەكانی بایۆتین ئەمانەن: جگەر، قەرنابیت، ماسی سالمۆن، مۆز، هەوێن، دانەوێڵەی تەواو، هێلكە، شیر و بەرهەمەكانی، سڵق، كاكڵەكان، گۆشتی مریشك، بەكتریاش لە ریخۆڵەی باریكەدا كەمێك بایۆتین دروست دەكات. پێویستی رۆژانە لەم ڤیتامینە بۆ كەسانی پێگەیشتوو تەنیا 30- 100 مایكرۆگرامە. ئەگەرچی كەمیی ئەم ڤتیامینە ئێستا دەگمەنە، بەڵام هێشتا لە هەندێك شوێندا بەدی دەكرێت كە نیشانەكانی بریتین لە: هێڵنج، ئازاری ماسوڵكە، گۆڕان لە پێست و قژهەڵوەرین، گۆڕان لە رەنگی زماندا، وشكبوونی چاوەكان، قڵیشانی گۆشەكانی دەم، هەستكردن بە ماندووبوون و هیلاكی، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، ناڕحەتی دەروونی. ئەم ڤیتامینە سوودی لێوەردەگیرێت بۆ نەخۆشانی شەكرە بە مەبەستی خۆپاراستن یان چارەسەركردنی هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر، هەروەها وەكو بەشێك لە چارەسەركردنی تەنكبوونی قژ و هەوكردنی پێست.