ئایا مەشقی وەرزشی ئارەزووی خواردن زیاد دەكات؟

ئایا مەشقی وەرزشی ئارەزووی خواردن زیاد دەكات؟
هەرگیز مەرج نییە كە هەر كەسێك بە مەشقی وەرزشی كێشی دابەزێت، بە پێچەوانەوە، هەندێك كەس پاش ئەنجامدانی مەشقی وەرزشی رۆژانە بۆ ماوەیەك ئینجا 1-2 كیلۆ زیاد دەكەن. ئەمە هەرگیز گومانی تێدا نییە كە چالاكیی فیزیكی بەردەوام هەنگاوێكی ئاكتیڤە بۆ رێگرتن لە زیادبوونی كێشی لەش. ئەمەش راستییەكی چەسپاوە كە دابەزاندنی كێشی لەش كارێكی ئاسان نییە، هەروەها هێشتنەوەی كێش لە ئاستێكدا پاش دابەزاندن كارێكی زەحمەتترە. كاردانەوەی كەسەكان بۆ مەشقی وەرزشی زۆر جیاوازی هەیە، ئەمەش لەوانەیە كە پەیوەندی زۆری بە جینەكانەوە هەبێت. جۆر و ماوەی مەشقی وەرزشی كاریگەری دەكاتە سەر دەردانی 2 هۆرمۆن كە كۆنترۆلی ئارەزووی خواردن دەكەن، هۆرمۆنی گهلێرین Ghrelin كە هانی ئارەزووی خواردن دەدات، هۆرمۆنی پێپتاید YY Peptide كە ئارەزووی خواردن كپ دەكات. لە لایەكی ترەوە، پلەی گەرمی لەش راستەوخۆ پاش مەشقی وەرزشی بەرزدەبێتەوە، ئەمەش هەستی برسیبوون كەم دەكاتەوە، لەوكاتەی كە پلەی گەرمی لەش دادەبەزێتەوە ئەوسا ئارەزووی خواردن زیاد دەبێت. ئایا مەشقی وەرزشی برسیترت دەكات؟ بەڵێ، بەلای كەم لە تێرمێكی كورتخایەندا، لە لایەكی ترەوە ئەمەش روونكراوەتەوە كە مەشقی وەرزشی توند هۆرمۆنی هاندانی ئارەزووی خواردن كە بە گهلێرین ناسراوە رێكدەخات. ئاستی هۆرمۆنی گهلێرین لە خوێندا راستەوخۆ پاش مەشقی وەرزشی بە خێرایی بەرزدەبێتەوە، بەڵام هەرگیز بەرزتر نابێت لە ئاستی هۆرمۆنەكە بەر لە دەستپێكی مەشقی وەرزشی.
Top