گەلێك كەس ئەم پرسیارە دەكەن كە ئایا خواردنەوەی ئاو لەگەڵ ژەمی خۆراكدا زیانی هەیە؟ لە راستیدا، لە لایەنی زانستی پزیشكییەوە پێچەوانەكەی راستە. هەندێك كەس پێیان وایە كە خواردنەوەی ئاو لەگەڵ ژەمی خۆراكدا دەبێتە هۆی روونبوونی شلەی زەرداو و ترشەلۆكی گەدە كە پێویستن بۆ هەرسكردن یان تێكشكاندنی خۆراكی پرۆتینی و چەوری و هەڵمژینیان. خواردنەوەی پەرداخێك ئاو لەگەڵ ژەمی خۆراكدا بەتایبەتی لەگەڵ ژەمە سەرەكییەكاندا پێویستە، چونكە یارمەتیدەرە بۆ شلكردنەوەی خۆراك، ئەمەش هاوكاری هەرسكردن و هەڵمژینی خۆراك دەكات، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ رێگرتن لە قەبزی و كۆبوونەوەی گاز لە ریخۆڵەدا. لە لایەكی ترەوە، خواردنەوەی ئاو لەگەڵ ژەمی خۆراكدا هۆكارێكە بۆ رێگرتن لە زیاد خواردن و زوو هەستكردن بە تێربوون، بە مانایەكی تر هەنگاوێكە بۆ خۆپاراستن لە زیادبوونی كێش. خواردنەوەی ئاو لەگەڵ ژەمی خۆراكدا وەكو ناوبڕ Break وایە لە گەرمەی خواردندا، دەرەنجام یارمەتیدەر دەبێت بۆ خواردنێكی لەسەرخۆ كە شتێكی تەندروستییانەیە یەتایبەتی كە هاوسەنگ دەبێت لەگەڵ سیگناڵەكانی برسیبوون و هەستكردن بە تێربوون.