بیرۆكەی گواستنەوەی منداڵدان لە پزیشكیدا نوێ نییە، مێژووەكەی بۆ ساڵی 1918 دەگەڕێتەوە ئەگەرچی یەكەم جار سەركەوتوو نەبوو. نەزۆكی لەبەر گرفتی زگماكی یان نەخۆشی لە منداڵدان دوچاری ملیۆنان ئافرەت بووە لە سەرتاسەری جیهاندا، هەروەها ژمارەیەكی زۆری ئافرەتی گەنج لەبەر هۆكاری جیاواز نەشتەرگەری لابردنی منداڵدانیان Hysterectomy بۆ ئەنجام دەدرێت، بۆیە تاكە رێگا بۆ دووگیانبوون لەم حاڵەتانەدا تەنیا گواستنەوەی منداڵدانە. گواستنەوەی منداڵدان نەشتەرگەرییەكی ئاڵۆزە، بۆ ئەو ئافرەتانە ئەنجام دەدرێت كە دوچاری شێرپەنجەی ملی منداڵدان دەبن، هەروەها ئەوانەی كە بە بێ منداڵدان لەدایك دەبن (كە حاڵەتێكی زگماكییە) كاندیدی باشن بۆ گواستنەوەی منداڵدان. باوترین ئاڵۆزییەكانی گواستنەوەی منداڵدان ئەمانەن: لەبارچوون، رەتكردنەوەی توند و تێكشكانی شانەكانی منداڵدان، هەندێك جاریش دەبێتە هۆی پەیدابوونی ریسك بۆ دایك و كۆرپە بەتایبەتی مەیینی خوێن. وا رێنمایی دەكرێت كە پاش گواستنەوەی منداڵدان و بوون بە خاوەن یەك یان دوو منداڵ ئینجا منداڵدانە گوازراوەكە لاببرێت بە مەبەستی راگرتنی بەكارهێنانی دەرمانی دژی رەتكردنەوەی ئەندامی بیانی Anti-rejection drugs كە زیانی لابەلای زۆریان هەیە بەتایبەتی دەرمانی سایكلۆسپۆرین Cyclosporine.