ئەگەرچی كونكردنی گوێ Ear piercing كەمترین ئاڵۆزی لێدەكەوێتەوە بە بەراورد لەگەڵ كونكردنی بەشەكانی تری لەشدا، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر بە تەندروستییانە مامەڵەی لەگەڵدا نەكرێت، لەوانەیە كە ببێتە ئەگەری چەند گرفتێكی تەندروستی. بۆ رێگرتن لە ئاڵۆزییەكان پاش كونكردنی گوێیەكان، پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: شووشتنی دەستەكان بە باشی بەر لە دەستەوردان لە شوێنە كونكراوەكەی گوێ، ئەڵقەی پاش كونكردن Starter earrings بۆ ماوەی 6 هەفتە جێبهێڵە و هەتا لەكاتی نووستنیشدا، چونكە زوو لابردنی ئەم ئەڵقانە دەبێتە هۆی داخستنی شوێنە كونكراوەكەی گوێ، رۆژانە شوێنە كونكراوەەی گوێ بە ئاو و سابوون بشۆ بە مەبەستی رێگرتن لە روودانی هەوكردن، بۆ رێگرتن لە زوو داخستنی كونەكان، رۆژانە چەند جارێك ئەڵقەی پاش كونكردنی گوێ بجوولێنە، بۆ خۆپاراستن لە گەشەی بەكتریا و هەوكردن و پەیدابوونی ئاسەوار كە لەوانەیە كاریگەری نێگەتیڤ بكاتە سەر جوانیی گوێیەكان، پێویستە كە رۆژانە 2 جار شوێنی كونكراوەكەی گوێ بە لۆكە و ئەلكهول بە نەرمی پاك بكەیتەوە، دەشتوانیت كە شوێنە كونكراوەكانی گوێ بە چینینكی تەنكی جێلی پیترۆلیۆم Petroleum jelly چەور بكەیت. زوو سەردانی دكتۆر بكە ئەگەر هەر یەكێك لەم نیشانانەت لە شوێنی كونكراوەكەكانی گوێدا بەدی كرد: سووربوونەوە، ئاوسان، هەستكردن بە سووتانەوە، دەردانی شلەیەكی زەرد.