لۆچبوونی پێست Wrinkles بە شێوەیەكی سروشتی بە تێكڕایی لە پاش تەمەنی 30 ساڵیدا دەستپێدەكات، بەڵام گەلێك فاكتەر هاندەرن و گەلێك فاكتەری تر كردارەكە دوادەخەن وەكو: رۆژانە بەكارهێنانی ئاوێتەیەكی دژەهەتاو كە فاكتەری پاراستنی لە هەتاو كەمتر نەبێت لە 30 لەوكاتەی كە تیشكی سەرووی وەنەوشەیی كرداری لۆچبوون و پیربوونی پێست تاودەدات، دووركەوتنەوە لە خۆدانە بە تیشكی خۆر لە كەنار رووبار یان دەریا و دەریاچەكاندا Tanning چونكە ئەگەری لۆچبوون و پنت یان پەڵەی قاوەیی پێست زیاد دەكات، لەوانەشە كە ئەگەری شێرپەنجە زیاتر بێتە پێشەوە، بەكارهێنانی ئاوێتەی شێداركەرەوە Moisturizer بۆ پاراستنی پێست لە وشكبوون كە هۆكارە بۆ پەیدابوونی هێڵی ورد كە پاشان دەبنە بناغە بۆ هێڵی لۆچبوون، دەرمان و ئاوێتەكانی پێست تەنیا بە پێی رێنمایی دكتۆر بەكاربێنە، گرنگیدانی زۆر بە مەشقی بەدەنی، خواردنەوەی بڕێكی باشی ئاو رۆژانە، هەڵبژاردنی خۆراكی هاوسەنگ كە بڕێكی زۆری سەوزە و میوە لەخۆبگرێت.