هەموومان بەوە ئاشناین كە ئاستی نزمی كۆلیسترۆل نیشانەی تەندروستییەكی باشە بەتایبەتی تەندروستی كۆئەندامی دڵ و سووڕان. بەگشتی ئاستی كۆلیسترۆلی گشتی كەمتر لە 200 ملگم/دێسیلیتری خوێن و ئاستی كۆلیسترۆلی خراپ LDL ی كەمتر لە 100 ملگم/دێسیلیتری خوێن تەندروستییانەیە بۆ خۆپارستن لە نەخۆشی دڵ. ئەمەش ئاشكرایە كە ئاستی بەرزی كۆلیسترۆل هۆكارێكی هاندەرە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و خوێنبەرەكان، بەڵام ئەمەش روونكراوەتەوە كە ئاستی كۆلیسترۆلی كەمتر لە 160ملگم/ دێسیلیتر هۆكارە بۆ تووشبوون بە جەلتەی مێشك لە ئەنجامی خوێنبەربووندا، هەوكردنەكانی كۆئەندامی هەناسە و هەوكردنەكانی تر لە لەشدا، هەروەها ئاستی یەكجار نزمی كۆلیسترۆل ئەگەری توشبوون بە پەستی، توندوتیژی، خەمۆكی و هەوڵی خۆلەناوبردن زیاد دەكات. ئەمە روونكراوەتەوە كە ئاستی نزمی كۆلیسترۆل پەیوەندی هەیە بە كەمبوونەوە ئاستی ماددەی سیرۆتۆنین Serotonin لە مێشكدا، ئەمەش هۆكارە بۆ تێكچوونی مەزاج و خەمۆكی، لەگەڵ تووڕەبوون و تێكچوونی خەو، هەروەها كەمیی كۆلیسیترۆل كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر فرمانی دەمارەخانەكان. هۆكارەكانی نزمبوونەوەی توندی ئاستی كۆلیسترۆل بریتین لە: زیادبوونی چاڵاكیی یان ژاراویبوونی گلاندی دەرەقی، نەخۆشی جگەر، بەدخۆراكی، شێرپەنجە، هەوكردنە درێژخایەنەكان، زیاد بەكارهێنانی دەرمانەكانی دابەزاندنی كۆلیستیرۆل.