راستە شەكر چێژێكی شیرینی هەیە، بەڵام كاریگەرییەكی تاڵ دەكاتە سەر پێست. بە سادەیی، زیاد خواردنی شەكر دەبێتە هۆی زیادبوونی كێشی لەش كە پەیوەندی بە بەرجەستەبوونی چرچ و لۆچیی پێستەوە هەیە، لەگەڵ زوو دەركەوتنی پنتە قاوەییەكانی پێست كە پەیوەستن بە تەمەن. بەرزبوونەوەی ئاستی شەكر لە لەشدا دەبێتە هۆی گۆڕانێكی زیندەكیمیایی بە ناوی گلوكۆزبوون Glycation كە كۆلاجینی پێست تێكدەدات بە شێوەی لەدەستدانی توانای لاستیكی، ئەمەش دەبێتە هۆی لۆچبوون و شۆڕبوونی پێست. زیاد خواردنی شەكر جگە لە پێست زیانی تریشی هەیە وەكو: كزبوونی بەرگری لەش بەرانبەر بە هەوكردنە بەكتریاییەكان، تێكدانی هاوسەنگیی كانزایەكان لە لەشدا بەتایبەتی كالسیۆم و مەگنسیۆم و كۆپەر، زێدەبزۆكی Hyperactivity و كەمبوونەوەی سەرنج و تەركیز لە منداڵدا، زیادبوونی ئاستی چەوری گلیسریدە سیانییەكان لە خوێندا، دابەزاندنی ئاستی كۆلیسترۆلی باش و بەرزكردنەوەی ئاستی كۆلیسترۆلی خراپ لە خوێندا بەمەشەوە ئەگەری نەخۆشی دڵ زیاد دەكات، زیادبوونی ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، زیادكردنی ئەگەری كلۆربوونی ددان، زیادبوونی دەردانی ترشەلۆكی گەدە، زیادبوونی ئەگەری پووكانەوەی ئێسك، تاودانی زوو سپیبوونی قژ، زیادبوونی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە، زیادبوونی ئەگەری ژاراویبوونی دووگیانی Toxemia، تێكدانی هاوسەنگیی هۆرمۆنەكان.