قژ بە بڕین درێـــــژ نابـــــــێت

قژ بە بڕین  درێـــــژ نابـــــــێت
ئایا بڕینی یان كورتكردنی قژ وای لێدەكات كە بەهێز بێت، یان زووتر گەشەبكات و زیاتر درێژ بێت؟ رەگی قژ تاكە بەشە كە خۆراك و ئۆكسجین بۆ گەشە و تەندروستیی قژ دابین دەكات. رێژەی یان تێكڕایی گەشەی یان درێژبوونی قژ بە شێوەیەكی سەرەكی پەیوەستە بە جینەكانەوە (زگماك)بە پشت بەستن بە درێژیی ساڵەكانی قۆناغی گەشەی قژ، لە هەموو كەسێكدا قژ بە تیكڕایی تەنیا 1.3 سانتیمەتر لە مانگێكدا درێژ دەبێت. هەر تاڵە قژێكی سەر بە چەند قۆناغێكدا گوزەر دەكات كە گرنگرتینیان قۆناغی گەشەیە Anagen، درێژیی و كورتیی ئەم قۆناغە لە هەندێك كەسدا كورتە بۆ نموونە 2-3 ساڵ، واتە قژ تەنیا بۆ ئەم ماوەیە بە بەردەوامی درێژ دەبێت پاشان دەچێتە قۆناغی حەسانەوە ئینجا قۆناغی هەڵوەرین، بۆیە ئەو كەسانە بەردەوام لە مەسەلەكە نیگەران دەبن و بە دوای چارەسەردا دەگەڕێن، یەكێك لە رێگاكان بڕین یان كورتكردنی قژە كە لەراستیدا بە هیچ شێوەیەك نابێتە هۆی درێژبوونی قژ كە زیاتر بێت لە تێكڕای درێژبوونی بە درێژایی قۆناغی گەشەدا. قژ لە پرۆتینی كیراتین Keratin پیكهاتووە كە ماددەیەكی مردووە، بۆیە بڕین یان نەبڕینی هەرگیز كاریگەری نابێت لەسەر گەشە یان بەهێزبوونی قژدا. لە هەندێك كەسی تردا، قۆناغی گەشەكردنی قژ درێژە، بۆ نموونە 5- 6 ساڵ، لێرەدا قژ بە ئەندازەیەكی باش درێژدەبێت بێ ئەوەی كە هیچ دەرمانێك یان رێگایەكی بەهێزكردنی قژ ئەنجام بدرێت. كەواتە بڕین یان كورتكردنی قژ تەنیا و تەنیا بۆ شێوازی ستایلكردنی قژ سوودی هەیە، تا ئێستاش دەرمانێك یان رێگایەكی زانستی مسگۆر لەبەردەستدا نییە بۆ درێژكردنی قۆناغی گەشە و درێژكردنی قژ.
Top