پەیوەندی نێوان كاربۆهیدرات و خەمۆكی

پەیوەندی نێوان كاربۆهیدرات و خەمۆكی
كاربۆهیدراتە سافكراوەكان Refined carbohydrates وەكو نانی سپی، برنجی سپی، سۆدا زیاتر لە رێگای گەورەكردنی چێوەی كەمەر و زیادكردنی كێشی لەش، زیان بە تەندروستی دەگەیەنن. لە نوێترین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە خواردنی بڕی زۆری كاربۆهیدراتی سافكراو ئەگەرچی هۆكارێكی سەرەكیی نییە بۆ تێكچوونی مەزاج، بەڵام لەوانەیە كە ئەگەری خەمۆكی زیاد بكات. خۆشبەختانە پێچەوانەی ئەمەش لە لێكۆڵینەوەكەدا روونكراوەتەوە كە خواردنی بڕی زیادی دانەوێڵەی تەواو، سەوزە، میوە و ریشاڵ، ریسكی تووشبوون بە خەمۆكی كەم دەكاتەوە. زیاد خواردنی كاربۆهیدرات یان شەكری سافكراو دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن، ئەمەش ریسكێكی بەهێزە بۆ تووشبوون بە خەمۆكی بەتایبەتی لە ئافرەتدا. ئەمەش راستییەكی چەسپاوە كە تووشبووان بە خەمۆكی حەزی بەهێزیان هەیە بۆ خواردنی كاربۆهیدراتەكان بەتایبەتی شیرینی.بەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین كە ئەمەش هانی دابەزاندنی ئاستی شەكری خوێن دەدات، ئەم میكانیزم و كاردانەوانە دەبێتە هۆی پەستی، ناڕاحەتی، هەستكردن بە برسیبوون و هیلاكی. كە خۆراكی هاوسەنگ بۆ لەش و مێشك دابین دەكەیت، ئەوا هەست بە مەزاجێكی باشتر دەكەیت.
Top