ئامانج لە بەكارهێنانی دەرزی جومگە Joint injection بریتییە لە كەمكردنەوەی هەوكردن و ئاوسان كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئازار و نیشانەكانی تری هەوكردنی جومگە وەكو سخبوون یان سنوورداربوونی جوولەی جومگە.تەنیا چەند خولەكێك پێویستە بۆ لێدانی دەرزی جومگە، هەندێك جار بەنجی خۆجێی ئەنجام دەدرێت پاشان دەرزی جومگە.پاش لێدانی دەرزی جومگە، ئەگەر هیچ ئاڵۆزییەك روونەدات جگە ئازارێكی كەم لەكاتی لێدانی دەرزیدا، ئەوا نەخۆش دەتوانێت كە رۆژی پاشتر بچێتەوە سەر كاری ئاسایی خۆی. كاریگەرییەكانی دەرزی كۆرتیزۆنی Cortisone جومگە پاش 2- 5 رۆژ ئینجا دەردەكەون و بۆ ماوەی چەند رۆژێك تا چەند مانگێك بەردەوام دەبن. ئەگەر پاش دەرزی یەكەم بە 2- 3 هەفتە، هێشتا نیشانەكان وەكو خۆیان بەردەوام بوون، ئەوا دەتوانرێت كە دەرزی دووەمی جومگە بەكاربێت، ئەگەر پاش دەرزی دووەمیش بە 2- 3 هەفتە نیشانەكان بەردەوام بوون، ئەوا دەتوانرێت كە بۆ دوا جار دەرزی سێیەم بەكاربێت. بەگشتی باش نییە كە لە 3 دەرزی جومگە زیاتر بۆ جومگەیەكی دیاریكراو بەكاربهێنرێت. زیانە لابەلایەكانی دەرزی جومگە: برینداربوونی شانەكانی ناو جومگە كە زیاتر لەبەر دووبارەبوونەوەی دەرزی جومگە روودەدات، بۆ نموونە برینداركردنی كڕكڕاگەی جومگە، لاوازبوونی بەستەرەكانی جومگە، زیادبوونی ئەگەری هەوكردنی جومگە Arthritis، ئازارێكی كاتی جومگە كە تەنیا بۆ ماوەیەكی دیاریكراوی كورت بەردەوام دەبێت، خوێنبەربوون، هەروەها زیاد بەكارهێنانی دەرزی ستیرۆیدی جومگە دەبێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش وبەرزبوونەوەی ئاستی شەكری خوێن و كۆبوونەوەی شلە لە لەشدا.