گەلێک ئافرەت لەکاتی دووگیانیدا پەنا دەبەنە بەر ریجیمکردن Dieting بۆ رێگرتن لە زیادبوونی کێش لەکاتی دووگیانیدا کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە ھەموو ئافرەتێکدا روودەدات، ئەو ئافرەتانە پێیان وایە کە ئەم کێشە زیادە لەپاش منداڵبوونیش دانابەزێت و لە زیادبوون بەردەوام دەبێت. ئەمە روونە کە کێشی زیاد و قەڵەوی لە ئافرەتی دووگیاندا ھۆکارە بۆ زیادبوونی ئەگەری ئاڵۆزییەکانی وەکو ژاراویبوونی دووگیانی Preeclampsia، شەکرەی دووگیانی، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و گرفت لەکاتی منداڵبووندا، بەڵام ئەمەش روونکراوەتەوە کە کێشی کەمی ئافرەت لەکاتی دووگیانیدا کاریگەری نێگەتیڤ دەکاتە سەر گەشەی مێشکی کۆرپە. لەکاتی دووگیانیدا بە شێوەیەکی ئاسایی لەبەر چەند گۆڕانێکی فسیۆلۆژی کێشی لەش زیاد دەکات، بۆ نموونە ئەگەر ئافرەتێک کێشی دروست بێت بەر لە دووگیانی ئەوا ١٢- ١٧ کیلۆگرام بە درێژایی مانگەکانی دووگیانی زیاد دەکات، ئافرەتێکی کەم کێش بەر لە دووگیانی نزیکەی ١٤- ٢٠ کیلۆگرام زیاد دەکات، ھەروەھا ئافرەتێک کە بەر لە دووگیانی کێشی زیاد بێت ئەوا نزیکەی ٧- ١٢ کیلۆگرام زیاد دەکات بە درێژایی مانگەکانی دووگیانی. لە لایەنی زانستییەوە، ھەرگیز باش نییە کە ریجیم لەکاتی دووگیانیدا پەیڕەوبکرێت، وا باشترە کە ئافرەت بەر لە دووگیانبوون پلان دابنێت و کێشی لەشی بە چاودێری دکتۆر کۆنترۆل بکات. لەبەر ئەوەی کە کۆنترۆلکردنی کێشی لەش لە دوا ھەفتەکانی دووگیانی ھێندە ئاسان نییە، ئافرەت دەتوانێت لە مانگەکانی سەرەتای دووگیانیدا بە رێنمایی دکتۆر چاودێری خۆراکی رۆژانەی بکات، ھەروەھا زۆربەی ئافرەتان دەتوانن کە بە درێژایی مانگەکانی دووگیانی رۆژانە چاڵاکی بەدەنی سووک یان مامناوەندی ئەنجام بدەن.