رێژەی ئاو لە پێستدا لە گۆڕاندایە، بەڵام لە چینی سەرەوەی پێستدا Epidermis دەگاتە نزیكەی 80% واتە هەمان رێژەی ئاو لە خانەكانی تردا، لە بەشی هەرە سەرەوەی پێستیشدا دەگاتە 10-30%. كە ئەم بەشەی سەرەوەی پێست وشك دەبێت ئەوا زوو پێست بریقەی لەدەست دەدات، ئەمەش نیشانەیە بۆ وشكبوونی پێست. لە حاڵەتی ئاساییدا، ئاو لە چینی ژێرەوە بۆ چینی سەرەوەی پێست دەجوولێت، پاشان بەرە بەرە دەبێتە هەڵم. ئەگەر رێژەی ئاو لە پێستدا كەم بێتەوە، ئەوا دوچاری وشكبوون و قڵیشان دەبێت و ئەگەری هەوكردن بە بەكتریا و كەڕوو زیاد دەبێت. ئاوێتە شێداركەرەوەكانی پێست Skin moisturizers بە شێوەیەك دروستكراون كە رێگا لە ونبوونی ئاو لە چینی سەرەوەی پێست بگرن و لە وشكبوون بیپارێزن، هەروەها پێست لە پێوەلكانی چڵك و پیسی دەپارێزن. هەموو پێستێك دوچاری وشكبوون نابێت، ئەگەرچی وشكبوونی پێست زیاتر دوچاری سپی پێستەكان دەبێت، بۆیە پێویستیان بە ماددەیەكی شێداركەرەوە هەیە بەتایبەتی پاش خۆشووشتن. چەورەگلاندەكان وەكو شێداركەرەوەی سروشتین بۆ چینی سەرەوەی پێست، بۆیە پێستی چەور هەرگیز پێویستی بە بەكارهێنانی ماددەیەكی شێداركەرەوە نابێت.